بەریتانیا: لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین
کوردسات نیوز
١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێم، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ وەفدێکی باڵای سەربازیی بەریتانیان بە سەرۆکایەتی مارشاڵ سامی سامپسۆن گەورە ڕاوێژکاری بەرگریی بەریتانیا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا کۆبووەتەوە کە لە ژمارەیەک لە پلەداران و بەرپرسانی باڵای سەربازیی بەریتانی پێکھاتبوو.
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە خاتوو ڕۆژی کەیڤ کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەرێم ئامادەی بوو، دۆخی ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کورستان و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ھاریکاریی ھاوبەشی ئەمنی تاوتوێکران، ھەردوولا جەختیان لە گرنگی سەرخستنی پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە دەبێت پڕۆسەکە بەشێوەیەکی کاراتر بەڕێوەبچێت.
ھاوکات وەفدەکەی بەریتانیا دووپاتیانکردووەتەوە کە وڵاتەکەیان بە بایەخەوە لە ئارامی و سەقامگیریی ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت و لە پێشکەشکردنی ھاوکاری و پشتگیریی ئەمنی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ھەرێمی کوردستان و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، بەردەوام دەبێت.
وەفدێکی باڵای سەربازیی بەریتانیا رایگەیاند، لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنی پێشمەرگە بەردەوام دەبن و داواشدەکات پرۆسەکە بەشێوەیەکی کاراتر بەڕێوەبچێت.