نەرمین مەعروف زانیاری نوێ لەبارەی بودجە و پشکی هەرێم ئاشکرا دەکات
کوردسات نیوز
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
دەقی راگەیەندراوەکە...
وەک ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ویژدانی خۆم ئاسودە کرد و نوێنەری راستەقینەی ھاونیشتمانیان بووم و کارەکانم بۆ ھەمووان دیارن
لە دوای خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی پرۆژە یاسای بودجە لە مانگی رەمەزانی پیرۆز گفتوگۆی چڕو و ووردی بوجە لە ٢٦ی نیسانی ئەمساڵەوە لە لیژنەی دارایی دەستیپێکرد، رۆژانە نزیکەی ١٥ سەعات بە سێ کاتی جیاواز (بەیانی، دوانیوەڕۆ، شەو) کۆبوونەوەمان لەبارەی پڕۆژە یاساکە کردووە، کۆبوونەوەکان بەردەوامیی ھەبووە تاوەکو ٢٧ی ئایار.
لەو ماوەیەدا لیژنەکەمان ٦٠ کۆبوونەوەی کردووە، زیاتر لە ١٨٠ بەرپرسی باڵا لە وەزیر، بەڕێوەبەر، کادری پێشکەوتووی وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەت و لیژنەکانی پەرلەمانمان بینیووە و گفتوگۆمان لەبارەی پرۆژە یاساکەوە لەگەڵ کردوون
ئەو بابەتانەی لە پڕۆژە یاساکە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە و ھەوڵی زۆر و رۆڵی سەرەکیم ھەبووە تیایدا:
یەکەم: رێگری لە چەند مەترسییەک لەسەر پشکی ھەرێم لەناو پڕۆژە یاسای بودجە، بەندە وەک ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆڵی گەورەم ھەبووە لە چارەسەرکردنی گرفتی گەورەی ناو پڕۆژە یاساکە، لەوانە:
چارەسەرکردنی ئەو مەترسییەی لە بڕگەی دووەمی ماددەی١٢ی ناو پڕۆژە یاساکە ھەبوو، کە تایبەت بوو بە دانانی میچێکی یاسایی بۆ پشکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوە ھەوڵێکی زۆرمدا و توانیمان گۆڕانکاری لە ماددەکەدا بکەین و ئەو مەترسییە لابەرین.
ئەو چوارسەد ملیارەی کە دوو سێ مانگە بەغداد بۆ ھەرێمی دەنێرێت، بەشێوەیەک لە شێوەکان ویستیان ئەو پارەیە ئەژماربکەن لە ئەو قەرزە ناوخۆیی و سیادیانەی عێراق کردوویەتی، ئەگەر وای لێبکرایە وەک ئەوەبوو ھەرێمی کوردستان دووجار ئەو پارەیەی لێببڕدرێتەوە، جاری یەکەمیان کاتێک ئەخرایە ناو خەرجییە سیادییەکان، لەکۆی پشکی ھەرێمی کوردستان کەمدەبۆوە، دواتریش جارێکی تر ھەرێمی کوردستان لەسەری بوو ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە بە داشکاندن لە پشکی پارەی تەرخانکراوی ھەرێم، توانیم بۆ لیژنەی دارایی روونبکەمەوە و رێگری لەوە بکەم بەو شێوەیە ھەژمار بکرێت.
جێگیرکردنی پێوەرەکانی رێژەی دانیشتوان و ھێڵی ھەژاری لە دابەشکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی پەرەپێدانی ھەرێمەکان (تنمیە الاقالیم)، کە بڕەکەی ٢٧٦ ملیار دینارە و ئێستا دەتوانرێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ پارێزگاکان پلانی پرۆژەکانیان ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بکەن و زووتر سوود لەم بەشە بودجەیە وەربگرن.
دووەم: وەکو فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو خاڵانەی لەناو پڕۆژە یاسای بودجە، بەدواداچوونمان بۆ کردوون و ھەوڵمانداوە جێگیریان بکەین و دواتر جێگیرمان کردوون لە پڕۆژە یاساکەدا، ئەم بابەتانەی خوارەوە بوو، جێگیرکردنی مووچە و خەرجی زیاتر لە ٢٠ ھەزار لە ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە.
دامەزراندنی سێ ھەزار پاسەوانی سنوور، گواستنەوەی لیوای ھاوبەشی (٢٠)ی پێشمەرگە بۆسەر وەزارەتی بەرگری عێراق کە ژمارەیان نزیکەی (٣٧٧٧) کەسە، گێڕانەوەی کارمەندانی گرێبەستی کاتی کۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کە زیاتر لە سێ ھەزار کەسن و ماوەی ساڵ زیاترە کۆتایی بە گرێبەستەکانیان ھاتبوو، توانیمان بیانگێڕینەوەسەر کارەکانیان و گرێبەستەکانیان لە کاتییەوە کرا بە بەکاربردن، جێگیرکردنی بڕگەیەک لەناو ماددەی ١٤، کە گرەنتی ئەوە دەکات مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیاننی ھەرێم لە ئەولەوییەتی خەرجییەکانی حکومەتی ھەرێم بێت
ھاوکات چەسپاندنی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانی لە دابەشکردنی پشکی خەرجی وەبەرھێنان، خەرجییەکانیتر بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و رێگریکردن لە بەردەوامی پەراوێزخستن و نادادپەروەری لەدابەشکردنی ئەو خەرجییانە .
سێھەم: بەدواداچوون و ھەوڵی جدی بۆ چەندین ماف و پرسی گرنگیتر چ وەک ئەندامی لیژنەی دارایی چ وەک فراکسیۆنی یەکێتی وەک ، بەدواداچوونمان بۆ بابەتی دامەزراندنی (ھەڵگرانی بڕوانامەی بالا و سێ یەکەمەکانی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە ژمارەیان زیاتر ١٠ ھەزار کەسە )، و بەپێی نووسراوەکانی وەزارەتی دارایی مافی دامەزراندیان پێدراوە لەسەر پشکی ھەرێم و پێویستە لەناو میلاکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جێیان بکرێتەوە.
داواکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ پارێزگای ھەڵەبجە، بە بۆنەی دەرچوونی بڕیاری بە پارێزگابوونییەوە، داواکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ دروستکردنی (سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە) لە پارێزگای سلێمانی، جێگرکردنی مافی (لیژنەی پارائۆلۆمپی) شارەکانی ھەرێمی کوردستان، لەناو بودجەی (لیژنەی پارائۆلۆمپی عێراقی).
وەک ئەندامی لیژنەی دارایی و فراکسیۆنی یەکێتی چیمانکرد بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم؟
بابەتی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ھەر لە سەرەتاوە پێشنیازی فراکسیۆنی یەکێتی بووە و لەناو گفتوگۆکانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەم پێشنیازەم چەسپاند، توانیمان دەنگی ئەندامانی لیژنەی دارایی بۆ بەدەستبھێنین، دواتریش تا کاتی دەنگدان لەسەر بڕگەکە لەناو پەرلەمان، بەردەوامبووین لەسەر داکۆکیکردن لەم بڕگەیە، چونکە بە مافێکی تەواوی فەرامانبەران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستانی دەزانین، ھەر بۆیە تا دوا ساتەکانی دەنگدان لەسەر ئەم بڕگەیە ئێمە داکۆکیمانکرد، بەڵام ئەنجامەکە بەڵێڵی مایەوە و تائێستاش ئێمە دڵنیانین لەوەی ئەم بابەتە بەتەواوی رەتکراوەتەوە، لەبەر ئەوەی گومانمان ھەیە کە دەنگەکان بە باشی ھەژمار نەکرابن، بۆیە ئێمە گومانمان ھەیە ئەم بابەتە بەتەواوی رەتکرابێتەوە، واتە لە نێوان پەسەندکردن و رەتکردنەوەدا بۆمان یەکلایی نەبۆتەوە و چاوەڕێ دەکەین پێداچوونەوە بە ریکۆردی دەنگدانی ناو ھۆڵی پەرلەمان و ھەژمارکردنەوەی دەنگەکان لەسەر ئەو بڕگەیە بکرێت، بۆ دڵنیابوونەوەی لەوەی ئایا ئەو بڕگەیە رەتکراوەتەوە یاخود پەسەند دەکرێت، بۆیە ئێمە چاوەڕێی دەکەین، ئەگەر ئەنجامەکەش بەدڵی ئێمە نەبێت، پێمانوایە ئەمە کۆتا قۆناغ نیە و بەڵکو بەردەوام دەبین بە ھەموو شێوازێک، بۆ گێڕانەوەی مافی فەرمانبەران و ھاونیشتمانیانمان، ئەوەی پێمان بکرێت درێغی ناکەین لە گێڕانەوەی ئەو مافەی فەرمانبەران.
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر
د.نەرمین معروف غفور
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٣/٦/١٣