بە چەند قۆناغێک پڕۆژەی کشتوکاڵی گەشتیاری دەستپێدەکرێت
کوردسات نیوز
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لەسەر راسپاردەی جێگری سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی دیدارێکی ھاوبەشی نێوان بەشێک لە جوتیارانی خاوەن باخ و بیرۆکە و پڕۆژەکانی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەرینیکرد، بەئامادەبوونی ستافێکی وەزارەت و بە ھەماھەنگی لەگەڵ رێکخراوی GIZ ی ئەڵمانی.
لەم دیدارەدا لەلایەن راوێژکار و راھێنەری نێودەوڵەتی دۆچکا تیشک خرایە سەر ھێڵە گرنگەکانی ئاوێتەکردن و بەیەکەوە بەستنی ھەردوو سێکتەری کشتوکاڵ و گەشتیاری لە ژێر ناونیشانی "پڕۆژەی گەشتوکاڵ".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وەک دەرفەتێکی گرنگی پاڵپشتی بەبازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەروبوومە خۆماڵییەکانی جوتیاران و بەکەلتورکردنی گەشتیاری و باشترکردنی ژێرخانی ئابوری جوتیاران لە رێگەی سیستەمێکی رێکخراوی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و رێکخراویGIZ ، بەمەبەستی ھاندانی جوتیاران بە پێشکەشکردنی یارمەتی و راوێژکاری بۆ بوژانەوەی باخ و زەویەکانیان.
ئاشکراشیکرد، بۆ لەمەودوا لەرێگەی تیمێکی تەکنیکی بەئەزموونی نێودەوڵەتی بەھەماھەنگی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دەستەی گەشت و گوزار، کەلتوری ھێنانەکایەی پڕۆژەی کشتوکاڵی گەشتیاری دەستپێدەکرێت بە چەند قۆناغێک لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان.