کارەبا لە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکانی گەرمیان بەرھەمدەھێنرێت
کوردسات نیوز
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، حکومەتی ھەرێم بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەھراوییەکان و بەرھەمھێنانی کارەبا لەو گازەی کە لە کێڵگە نەوتییەکانەوە بەفیڕۆدەچێت و دەبێتە ھۆی پیسبوونی ژینگە، بۆ یەکەمجار لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، لە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکانەوە کارەبا بەرھەم دەھێنێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، وێستگەی کارەبای ١٦٥ مێگاواتی گەرمیان، لە گازی بەفیڕۆچووی بیرە نەوتییەکانی حەسیرە کارەبا بەرھەمدەھێنێت، کە لە ساڵی ٢٠٢١ کارەکانی تەواو بووە و دەستی بە بەرھەمھێنان کردووە، ١١٨ ھەلی کاری ناوخۆیشی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە ڕەخساندووە.
رووبەری وێستگەی کارەبای ١٦٥ مێگاواتی گەرمیان ٣٥ دۆنم زەوییە و پێکھاتووە لە ١٨٠ موەلیدە و ٤٥ گۆڕەر، توانای بەرھەمی کارەبای ھەر مۆلیدەیەکیش ٠.٩ میگاواتە، بەرھەمی ڕۆژانەی ئەو وێستگەیەش، نزیکەی ١٠٠ مێگاواتە و ھەوڵەکانیش بۆ زیادکردنی بەردەوامە.