د. توانا نەجەف بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، کۆدی دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان کە ژمارەیان ٢٢٢ دەرچووە و سێ یەکەمەکان کە ژمارەیان ١٨٥٣ سێ یەکەمەو دەرچوی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستانن و دانیشتوی ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانن، لە وەزارەتەوە نێرداوە بۆ ھەریەک لە زانکۆکانیان، بۆ ئەمەش دەرچوان دەتوانن لە زانکۆکانیان کۆدەکانیان وەربگرنەوە.

وتیشی، پێویست ناکات ھیچ یەکێک لە خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکان بۆ ئەم بابەتە سەردانی وەزارەت بکەن، چونکە کۆدەکانیان لە وەزارەتەوە بۆ زانکۆکانی ھەرێم نێردراوەو دەرچوان دەتوانن لە زانکۆکانیان کۆدەکانیان وەربگرنەوە.

لەماوەی رابردوودا لەسەر داوای عێراق، لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی ھەرێم و ھەڵگرانی بروانامەی باڵا، دەرچوانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان کە تا ئێستا دانەمەزراون و دانیشتوی پارێزگاکانی دەرەوەی ھەرێمن لە رێگەی نوێنەرایەتی ھەرێم لە بەغداد بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق نێردرا، دواتر ئاراستەی ئەنجومەنی راژەی عێراق کرا بۆ ئەوەی کۆدیان بۆ دروستبکرێت.