نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی لە پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵی عێراق دەکەین
کوردسات نیوز
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشوازی لە پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵی عێراق دەکەین و ھیوادارن ببێتە نەخشەڕێیەکی باش بۆ پێشکەوتنی ئابووری و سەقامگیریی سیاسی و زەمینەیەکی باشی وەبەرھێنان دروستبکات.
راشیگەیاند، جێگەی داخە لە گفتوگۆکانی پەرلەماندا، ھەندێ لە پەرلەمانتاران بە شێوەیەکی نادروست ھەڵسوکەوتیان بەرامبەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کرد، ئەوەی ڕوویدا لەگەڵ بنەماکانی ڕێککەوتنی سیاسی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا نایەتەوە و ئەو ئاراستە و شێوەیە لە کارکردن، خزمەت بە پرۆسەی سیاسی و دۆخ و داھاتووی عێراق ناکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە یاسای بودجە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێبکرێت و ڕەچاوی پێگەی ھەرێم وەک قەوارەیەکی سیاسی دەستووری و ناوچە کێشەلەسەرەکان بکات و ماف و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت، دەبێت دڵنیاییی تەواو ھەبێت لەوەی شایستە دارایییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بە ھۆکاری سیاسی دوا ناخرێن و فەرامۆش ناکرێن.
سەرۆکی ھەرێم دەشڵێت، ئەوەی لەکاتی گفتوگۆی بودجەدا بینییان، مایەی نیگەرانییەکی قووڵە و جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە دابەشبوونی لایەنە کوردستانییەکان زیان بە ھەرێم دەگەیەنێت، وێڕای ئەوەش بە ویستی سیاسیی ھاوبەش و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی، دەتوانن ئەمە بکەنە دەرفەتێک بۆ بەھێزکردنی متمانەی نێوانیان و ڕێکخستنەوەی باشتری ناوماڵی خۆیان، خاوکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەری کێشەکان بۆ بەھێزکردنی زیاتری عێراق و ھەرێمی کوردستان.