ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، ھێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران لەسنووری شاری بانە لە رۆژھەڵاتی کوردستان، دەستڕێژی گوللەیان لە گروپێکی کۆڵبەران کردووە، لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەر برینداربوون.

راشیگەیاندووە، یەکێک لە کۆڵبەرەکان بەناوی "کەریم ھیدایەت"خەڵکی پیرانشار قاچێکی برینداربووە، ئەوی تریان ناوی "ڕەحیم فەیزی"خەڵکی بۆکانە و تەمەنی ٥٠ ساڵە و ھەردوو قاچی بەسەختی برینداربووە.
ھەفتەی رابردووش چوار کۆڵبەری خەڵکی پاوە، بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری نەوسوود برینداربوون.

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی ھەنگاو، لە ماوەی نێوان مانگی ئاداری ساڵی رابردوو تاکو مانگی ئاداری ئەمساڵ، لانیکەم ٤٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و ٢١٨ی دیکەش برینداربوون.