شەوی رابردوو تا بەیانی ئەمرۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ماددەکانی پرۆژە یاسای بودجە لە کۆبوونەوەدا بوو لە ماددەی ٤٢  دەستیپێکرد و تا ماددەی ٦٨ی یەکلاکردەوەو تەنھا ماددەی ٤٢ی لابرد کە تایبەت بوو بە دانانی باج لەسەر بەرھەمی سوتەمەنی و سوتەمەنی ھاوردەکراو، بە پێی ماددەی٦٨ لەدوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی رەسمی لە یەکی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ ەوە یاساکە کاری پێدەکرێت.

ھەر لە دانیشتنەکەدا، ھەروەھا ژمارەیەک ماددە بۆ پرۆژە یاساکە زیادکران کە تایبەت بوون بە بودجەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ ئەنجومەنی زانکۆکان و خوێندنی باڵا لە زانکۆ و پەیمانگا ئەھلییەکان، ھەروەھا بە پێی ماددەیەکی زیادکراو کار بە ھیچ یاسا و رێنماییەک ناکرێت کە پێچەوانەی یاسای بودجە بێت.

دواتر ماددەکانی١٥ ١٦ و ١٧ و ١٨ کە بەھۆی ناکۆکییەوە دواخرابوون خوێندرانەوەو دەنگیان لەسەردرا. 

لەھەر لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدرا لەسەر ھەمواری  چەند بڕگەیەکی ماددەی ٢ ، ھەروەھا ماددەی ٥٧ کە تایبەتە بە وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و ژینگە بۆ دروستکردنی پرۆژە.

لەسەر ماددەی ١٥ کە تایبەت بوو بە دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست کێشە لە نێو پەرلەمانتاراندا دروستبوو دوای راگرتنی کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی زیاتر لە یەک سەعات  ماددەکە ھەموارکرایەوەو خرایە دەنگدانەوە، بەڵام ھەموارەکە رەتکرایەوەو دەقە بنەڕەتییەکەی حکومەت ھێڵرایەوە، سەرئەنجام گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پەرلەمانتارانی سونە و شیعە دروستبوو، جارێکی تر ماددەی ١٥ خوێندرایەوەو دەنگدرا لەسەر بڕگەی گرێبەستکردن لەگەڵ ١٥٠ ھەزار ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە پارێزگاکان بە مووچەی مانگانەی ٣٠٠ ھەزار دینار.

ھەروەھا دەنگ لەسەر چەند ماددەیەکی نوێ درا لەوانە زیادکردنی مووچەی ھێزەکانی سەحوە لە ٢٥٠ ھەزار دینارەوە بۆ ٥٠٠ ھەزار دینار، جیاوازی مووچەی حەشدی شەعبی ، گۆڕینی گرێبەستی ٣ ھەزار کارمەندانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن بۆ گرێبەستی کارپێکردن، تەرخانکردنی ٥٠ ملیار دینار بۆ ھێڵی ئاسمانی عێراق.

لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەشدا کە بڕیاربوو دەنگ لەسەر گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بدرێت، برگەکە دەنگی نەھێناو سەرئەنجام دوای ٥ رۆژ لە دەنگدان پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکران.