سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، سڵاوی رێز و وەفاداری بۆ رابەری کۆچکردوو سەرۆک مام جەلال، دامەزرێنەرانی یەکێتی و بزوێنەرانی ئەم شۆڕشە دەنێرێت، جەختیشدەکاتەوە لە وەفاداری و پابەندبوون بە خوێنی شەھیدان و بنەما نەگۆڕەکانی یەکێتی کە خۆی لە چەسپاندنی (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) دەبینێتەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت و ئاڵنگاری گەورەیان لەپێشە، جگە لە یەکڕیزی و تەباییش ھیچ رێگەیەکی دیکە ناتوانێت زامنی مانەوە و بەھێزیی قەوارەی ھەرێم بکات، بۆیە دەیانەوێت گفتوگۆ و سازان بنەمای چارەسەری کێشەکان بێت و دوور لە خۆسەپێنی، پێکەوە کوردستان بەرەو داھاتوویەکی گەشتر ئاڕاستە بکەن.

راشیگەیاندووە، یەکێتی ھەمیشە دەستپێشخەربووە بۆ ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک و دەبێت ناکۆکییەکان لە رابردوودا جێبھێڵن و پێکەوە بەرەو ئایندەیەکی سەقامگیرتر ھەنگاوبنێن.