پشکی ھەرێم لە وەرگرتنی گەنم لە ٣٧٥ ھەزار تۆنەوە بۆ ٥٠٠ ھەزار زیادکرا
کوردسات نیوز
٣١ی ئایاری ٢٠٢٣
رزگار حەمەخدر راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێککەوتن کە پشکی ھەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی گەنم، لە ٣٧٥ ھەزار تۆنەوە بۆ ٥٠٠ ھەزار تۆن زیادبکرێت.
راشیگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاریداوە رێگە بە جوتیارانی ھەرێم بدات تا بەرھەمە کشتوکاڵییەکانیان لە شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق ساغبکەنەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم پێشبینیدەکات بەرھەمی ئەمساڵی گەنم لە ھەرێم زیاتر لە ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار تۆن بێت، ئەگەریش حکومەتی فیدڕاڵ تەواوی گەنم لە جوتیاران وەرنەگرێت دەبێ جوتیار خۆی لە بازاڕدا ساغی بکاتەوە، کە بەگوێرەی جۆری گەنمەکان، تۆنێک گەنم لە بازاڕدا لە نزیکەی ٦٠٠ بۆ ٦٥٠ ھەزار دینارە.