ئەندامێکی لیژنەی دارایی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ پارتی لەسەر بودجە ئاشکرا دەکات
هەژار
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣
موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی رەسمی ھەواڵەکانی عێراقی راگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە ئیئتیلافی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کردووە دەرفەتی زیاتر بە گفتوگۆ لەبارەی بودجە بدرێت، ئەوەش بووەتە ھۆکاری دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی و چوارچێوەی ھەماھەنگی لەسەر چۆنێتی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم رێککەوتوون.
وتیشی، ھیچ ناکۆکییەک لەسەر پشکی ھەرێم لە بودجەدا نییە کە ١٢.٦٧٪، بەڵام چوارچێوەی ھەماھەنگی باوەڕی وایە پێویستە ھەرێم پابەند بێت بە ھەناردەکردنی لانی کەم ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە، داھاتەکەشی بخرێتە سەر ھەژمارێکی بانکی سەر بە بانکی ناوەندی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمیش مافی خەرجکردنی ھەیە بەپێی بڕیارەکانی بودجە، لەگەڵ ھەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھان و لە ئەگەری نەتوانینی ھەناردەنەکردنی نەوتی ھەرێمیشدا لەناوخۆ بەکاردەھێنرێت و حکومەتی عێراق لە رێگەی کێلگەکانی باشوورەوە قەرەبووی دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پشکی ھەرێم لە بودجەی عێراقدا دەگاتە ١٩ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار لەگەڵ پشکی دەرمان و کۆبوونی خۆراک و چەند بابەتێکی تر، پشکی ھەرێم دەگاتە نزیکەی ٢٠ ترلیۆن دینار، ئاشکراشیکرد، ناکۆکی سەرەکی پارتی لەسەر چەند خاڵێکە، یەکەمیان دەیەوێت داھاتی نەوتی ھەرێم لە ھەژمارێکی بانکی سەر بە ھەرێمی کوردستان دابنرێت بەبێ ئاگاداری بانکی ناوەندی عێراق، دووەمیان پارتی دژی ئەو بڕگەیەیە کە باسی دانەوەی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکات.