دەقی پەیامەکە... 


لە چل و ھەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چل و حەوتەمین ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا، بەرابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی گەرممان بۆ سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگەو تێکۆشەرانی دێرین و نوێ و زیندانیانی سیاسی و کەم ئەندامانی سەنگەرو ژنانی تێکۆشەری نێو یەکێتیی، سڵاو و درود دەنێرین بۆ گیانی پاک و بەرزە فڕی شکۆی نەتەوەو نیشتمان، سەرۆک مام جەلال و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کورد و کوردستان.

ئەم یادە تەنیا یادکردنەوەیەکی سادەی دامەزراندنی حزبێکی خەباتگێڕو خاوەن قوربانی زۆر و دەستکەوتی فرەو گەورە نییە، بەڵکو یادکردنەوەی شۆڕشی میللەتێکە لە پێناو ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی، چەسپاندنی مافی مرۆڤ و نەھێشتنی دیکاتۆریەت و ھێنانە کایەی بیرو ئاڕاستەی سیاسی جیاواز و فرەی کە ئێستا ئەزموونەکەمان لەسایەیدا بە ھەرێمێکی دەستووری و دامەزراوە یاساییەکانی لە حکومەت و پەرلەمان و سیستمێکی فیدراڵی شاد بووە.

 لە مێژووی رابردوی شۆرشی نوێ؛ دوای شکستی ١٩٧٥ و بێ ئومێدی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەرۆژی ١-٦-١٩٧٥، بەیاننامەی دامەزراندنی خۆی و ئومێدی خەڵکی بڵاوکردەوە و شۆڕشێکی راستەقینە لەو ساتەوە ھەڵگیرسا؛ کە بە خوێنی ھەزاران شەھیدی سەر بەرز گەیشتە ئامانجی رەوای خۆی کەسەربەستی میللەتی کوردو رزگاربوون لە فاشیەتی بەعس.
ئەم یادە یادکردنەوەی ھەزاران شەھیدی قارەمان و سەرکردەی بەتوانا و سەرۆکێکی مێژوویی و حەکیم و نموونەییە کە تەواوی تەمەنی بۆ خزمەتی گەلەکەی تەرخان کرد؛ تا دوا ساتی تەمەنی ببووە سەمامی ئەمان لە عیراق و کوردستانیش بۆ مافی ھەموو چین و توێژ و پێکھاتەکان.

یادکردنەوەی ئەم بۆنە گرنگە ھاوکاتە لەگەڵ بارودۆخێکی نەخوازراو و دوڕدۆنگ کە بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتووە و تەبایی و یەکڕیزی ئەزموونەکەمان و پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکانی خستووەتە بەر مەترسی و لەسەروو ھەمووشیانەوە ئیستیحقاقی ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستان، بۆیە لەھەموو کات زیاتر میللەتەکەمان پێویستی بە پرەنسیپەکانی لێبوردەیی و حیکمەت و دووربینی و قبوڵکردنی بەرامبەر ھەیە کە سەرۆک مام جەلال سەرمەشق وداھێنەریان بووە و کردوونیەتە بنەمای کارو خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ئەم ھەلومەرجە ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە کە غیابی سەرۆک مام جەلال چەندە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاریگەرە و جێگەی پڕنابێتەوە، کوردستان-یش سەرۆک و پایەیەکی گەورەی حوکمڕانی و سەرکردایەتیکردنی بەرەو کەناری ئارامی لەدەستداوە، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەدرککردن بە ھەستیاری رەوشەکە، بەتوندی دەستی بە تێز و بنەماکانی کاری سەرۆک مام جەلال-ەوە گرتووە و کردوونیەتە ئەجێندا و کارنامەی بۆ ئێستا و داھاتووی خۆی.

دووبارە پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزارندنی حزبی شەھیدان

بەرز و باڵا بێت خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان بەرابەرایەتی ی.ن.ک.

باڵیۆز د.محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی