دادگای فیدراڵی عێراق سبەینێ جارێکی دیکە لەسەر سکاڵایەک سەبارەت بە یاساییبوون یاخود نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە ئەو سکاڵایە  لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە.

رۆژی ٢٤ی مانگ، دادگای فیدراڵی ھەشتەمین دانیشتنی سەبارەت بە تانەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا و تێیدا گوێی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گیرا بۆ زانینی رۆڵ و توانایان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم.

نوێنەری کۆمیسیۆنیش لە دادبینییەکەدا رایگەیاند، ئەوان بەپێی یاساکەیان دەتوانن پەیڕەو و رێنمایی بۆ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم دابنێن و سەرپەرشتیی بکەن و رێکیبخەن، دادگاش بڕیاریدا نوسراوەکەیان وەربگرێت و بەشدارییان لە دۆسییەکە کۆتایی پێبھێنێت و کۆتایی بە دادبینی بھێنێت، سبەینێ دادگای فیدراڵی کۆدەبێتەوە بۆ راگەیاندنی دوابڕیاری سەبارەت بەکۆی دۆسیەکە.