سوپای عێراق رێگەنادات جوتیارانی کوردی گوندی تۆپزاوا دانەوێڵەکەیان دروێنە بکەن
ڕێبوار
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٣
یەکێک لەو جوتیارانی رێگری لێکرا دانەوێڵەکەی دروێنە بکات بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەکاتی دروێنەدا چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ھاتوونەتە سەریان و بە تەقەکردن و ھەڕەشەی دەستگیرکردن، رێگەیاننەداوە گەنمەکەیان دروێنە بکەن.
بە وتەی ئەو جوتیارە کوردە، ھێزەکانی سوپای عێراق رێگەیا نەداوە دەڕاسەکە عەمبارەکەی بەتاڵبکاتە ناو بارھەڵگر و بەزۆر پێیان رشتووەتەسەر زەوی، ئەوەش زیانی زۆری پێگەیاندوون.
وتیشی، سوپای عێراق بەبیانووی ئەوەی زەوییەکانیان موڵکی دەوڵەتە رێگری لە دروێنەکردن کردووە.
لەچەند رۆژی رابردوودا جوتیارانی کورد لە تۆپزاوا گردبوونەوە و رایانگەیاند، لەسەردەمی حکومەتەکەی نوری مالکی بڕیارەکانی لیژنەکانی کاروباری باکور لەبارەی بەخشینی زەوییەکانیان بە وەزارەتی بەرگری و گرێبەستی جوتیارە عەرەبە ھاوردەکان ھەڵوەشاندوەتەوە، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئێستا داوای زەوییەکانیان دەکات و عەرەبە ھاوردەکانیش لە دادگای کەرکوک سکاڵایان لە دژ تۆمارکردوون.