فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
ئایار
٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣
فراکسیۆنی یەکێتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، چەند رۆژێکە بەزمانێکی نەشیاو و نەگونجاو لەگەڵ پایە و سەنگی پەرلەمانتاری، فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەیاننامە و لێدوان بڵاودەکەنەوە و دەیانەوێت خەڵکی کوردستان چەواشە بکەن.
دەشڵێت، ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت لە بابەتی بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغداد و پاراستنی ھەرێمی کوردستان و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا، موزایدە بەسەر یەکێتیدا بکات، چونکە ھیچ ھێزێکی کوردستانی ھێندەی یەکێتی پەرۆشی یەکڕیزیی کوردستانی لە بەغداد نەبووە و ئەوە یەکێتی نەبوو لەبەر پۆست و بەرژەوەندی تەسکی حزبی یەکڕیزی بشکێنێت.
دەشڵێت، ئەو قسە بێسەروبەرانەی لەسەر قوباد تاڵەبانی دەکرێن، کە گوایە پەیوەندی بە ھەندێک پەرلەمانتاری عێراقەوە کردووە، ھیج بنەمایەکیان نیە و ھەڵبەستراون و قوباد تاڵەبانی تەنھا پەیوەندی بە نوێنەری یەکێتی لە لیژنەی دارایی کردووە و رێنمایی کردووە ھەوڵ بۆ چەسپاندنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بدات.
فراکسیۆنی یەکێتی دەشڵێت، کاتێک ھەرێمی کوردستان لە بەردەم ھەڕەشەی گەورەی قەیرانی دارایی بوو، ئێوە گاڵتەتان بە رێکەوتن لەگەڵ بەغداد دەھات و خەڵکی کوردستان بێمووچە بوون، قوباد تاڵەبانی ١١ جار سەرۆکایەتیی وەفدی دانوستانکاری ھەرێمی کرد و ٢٥٦ سەعات کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقیەکاندا کرد و ٥٠ رۆژ لە بەغداد ماییەوە، تاکو ٢٠٠ ملیارەکە دەستەبەر بکات.
لە کۆتاییدا رایدەگەیەنین رێگە راستەکە تەبایی و یەکریزی کوردستانی راستەقینەیە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، مەترسی راستەقینەش لەسەر ھەرێم پەرتەوازەیی و ئاژاوەی سیاسییە.