بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، جارێکی تر پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی کوردستان لێکترازانێکی تری دروستکرد، لە کاتێکدا پێنج لایەنی سیاسی ھەرێم لە ١١ی ئاداری ٢٠٢٣ سەبارەت بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن رێکەوتنێکیان ئیمزاکرد، چونکە ئەو دوپرسە ڕەھەندی نیشتمانییان ھەیە و پێویستە بەسازان ھەموار و کارا بکرێنەوە.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بزوتنەوەی گۆڕان پێداگریی کرد لە بنەما یاساییەکان و گەڕانەوەی شکۆ بۆ دامەزراوەکان و ڕێگەنەدان بە پێشێلکردنی یاسا و بنەماکانی سازانی نیشتمانی ھیچ کۆبونەوەیەکی کۆمیسیۆن بەپێویست نازانن.

ھەروەھا، لەپێناو دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی ھەرێم و پێشھاتە نوێکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و پاراستنی قەوارەی ھەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان داوای کۆبونەوەی لوتکەی پارتە سیاسییە سەرەکیەکان دەکات.