پەیامی مەڵبەندی شەشی سۆران بە بۆنەی ساڵرۆژی شەھیدانی باڵەکایەتی
کوردسات نیوز
١٦ی ئایاری ٢٠٢٣
دەقی پەیامەکە...
کەس وکاری سەربەرزی شەھیدان
فەرماندەو پێشمەرگە قارەمانەکان
ھەڤاڵانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەباڵەکایەتی و
تەواوی سنووری مەڵبەندی سۆران
باڵەکایەتی کوانوی شۆڕش و خەبات و تێکۆشان و سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدان، مەڵبەندی شەھیدان و بەرخودان، ئەنوای شۆڕش و رێبازی کوردایەتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمانە، لە مێژووی باڵەکایەتیدا رۆژی ٥/١٧ ی ھەموو ساڵێک، رۆژێکی جیاوازەو بەڕۆژی (شەھیدانی باڵەکایەتی) ناوزەند کراوە، لەم رۆژەدا شەھیدی سەرکردە حەسەن کوێستانی و پۆلێک لە فەرماندەو پێشمەرگەی قارەمان بەو پەری دڕندەیی لەلایەن تێکدەرانی شۆرشی نوێی گەلەکەمان شەھید کران و گیانی خۆیان کردە قوربانی گەل و خاکی پیرۆزی کوردستان و رێبازی سەرۆک مام جەلال.
باڵەکایەتی لەگەڵ سروشتە جوانەکەی و ھەستی جوانی میوان دۆستی و لوتف شیرینی خەڵکە دڵپاکەکەی، لەگەڵ بوێری و مێرخاسی و ئازایەتی ڕۆڵەکانی و چەندین خەسڵەتی بەرزو جوامێرانەو جوانی تر، کە بوونەتە شوناس بۆ ناسینەوەی، شانازییەکی گەورەتری لە سەرووی ھەموو شانازیەکان بۆخۆی مسۆگەرکردووە، ئەویش خوێنی گەش و ئاڵی زیاتر لە ١٣٠٠ رۆڵەی نەبەردو قارەمانیەتی، کە لە ئەمڕۆدا لای دۆست و دوژمن، بۆتە ئایکۆن و ئاوێنەی ناسینەوەی مێژووی تێکۆشان و شۆڕشگێڕیەتی باڵەکایەتی.
لە رۆژگاری سەختی خەبات کە بێ ئومێدی باڵی کێشابوو بەسەر کوردستاندا، خەڵکی تێکۆشەرو نیشتمان پەروەری باڵەکایەتی پشت بەستوو بە بیرو باوەری پتەوی کوردایەتی و ئیرادەی پۆڵاینیان و متمانە بە شۆڕش و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و رابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان جەنابی سەرۆک مام جەلال، رۆڵەکانی باڵەکایەتی لەساڵی (١٩٧٦)و لەگەڵ ھەڵگیرسادنەوەی شۆڕشی نوێی گەلی کوردستان، بەتفەنگ و فیشەک و نانی خۆیان چوونە قەندیل و بوون بە داینەمۆو دەسکەچیلەی بڵێسەی ئاگری شۆڕشی نوێ، ئەوێ رۆژێ ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی باڵەکایەتی، تەکانێکی ھێندە گەورەیان بە شۆڕشدا کە جەنابی (مام جەلال)و سەرکردە بەشداربووەکانی سەرەتای شۆڕش لە لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی راستەقینەی کوردایەتی و یەکێتیدا بەشانازییەوە باسیان کردووە و مێژوویەکی پڕ لە شانازی و سەروەریان تۆمار کردووە.
ئیدی لەوکاتەوەو ئێستاشی لەگەڵدا بێت پێشمەرگەو رۆڵە تێکۆشەرو قارەمانەکانی باڵەکایەتی لە (باشورەوە بۆ باکوری کوردستان، بۆ ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان) پێدەشت و دوندوو چیاو سەنگەرێک نەماوە، قارەمانانە لە پێناوی کوردو کوردستان و ڕێبازەکەیان خەباتیان تێدا نەکردبێ و بە خوێنی گەش و ئاڵی خۆیان سەرکەوتن و مێژووی پڕ لە سەروەریان تۆمار نەکردبێت، بۆیە ئێمەی درێژە پێدەری ڕێبازی شەھیدانین و بەڵێنمان پێداون دەسکەوتەژانیان بپارێزین ، ئەو مافەش بەخۆمان دەدەین کە بەشانازیەکی گەورەوە یادی شەھیدانی باڵەکایەتی بکەینەوەو ئەزموونی دەوڵەمەندی خەباتی شەھیدانمان بکەین بە ھەوێن و چرای روناکی دەستمان، بۆ درێژەدان بە رێ و رێبازی بەرزو پیرۆزیان و داستان و وێنەو تابلۆی ھیلاکی رۆژانی سەختی خەباتیان بنەخشێنین و ھەزار شەوەی لاپەڕەی مێژووی قارەمانیەتیان تۆمار بکەین، کە بەشێکی گەورەی روباری خوێنی شەھیدانی یەکێتیی، کە (ی.ن.ک) شانازی پێوە دەکات، سەرچاوەکەی لە لوتکەی چیاو دۆڵ و گوندو خانووە قوڕەکانی باڵەکایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە.
لە یادو بیرەوەی رۆژی شەھیدانی باڵەکایەتیدا، یادێک دەکەین بۆ تەواوی شەھیدانی سنووری مەڵبەندی شەشی سۆران، لەئاست رۆحی پاک و بەرزە فڕی تەواوی شەھیدانمان سەری رێزو وەفاداری دادەنوێنین و سڵاو دەنێرین بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان، بۆیە لە سۆنگەی باوەڕی بەرزی نیشتمانیی و نەتەوەیمان بە خەباتی رەوای رێبازی کوردایەتی و شەھیدانمان، درێژە پێدەری خوێندنگەی سیاسەت و فەلسەفەو دیدگای سەرۆک مام جەلال دەبین لە پێناوی پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان و ئاڵاو ئامانجە گەورەکانتان، تا گەیشتن بە لوتکەی سەرکەوتن و بەدیھێنانی ھەموو دروشم و ئامانجەکانی شەھیدانمان خەبات درێژەی ھەیە ناسرەوین تا سەرەکەوین.
سڵاو بۆ رۆحی بەرزە فڕی شەھیدانی باڵەکایەتی و تێکرای شەھیدانی کوردستان
نەمری و سەروەری بۆ شەھیدان و سەربەرزی بۆ کەسوکاریان
مەڵبەندی شەشی سۆران
١٧ی ئایاری ٢٠٢٣