لە دوای کۆبوونەوەکە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ھەردوولا وێرای بەرزنرخاندنی دەستپێشخەری مەسعود بارزانی کە لەکاتی پێویستدا ھات، ھەردوولا ھاوڕابوون پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ھەنگاوی کرداری بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو دەستپێشخەرییە و ناوماڵی کوردستانی پێڕێکبخرێتەوە و لاپەرەیەکی  نوێ لە کۆی پەیوەندیەکان بکرێتەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ھەردوولا دەستخۆشی لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم دەکەن، بۆ پەسەندکردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کە پرۆژەی تێکڕای لایەنەکانی پێکھێنەری کابینەی نۆیەمە و ھەردوو مەکتەبی سیاسی بە تەواوی پشتیوانی لێدەکەن.

ھەروەھا ھەردوولا پەرۆش و ھاوڕابوون لەسەر بەھێزکردنی  قەوارەی دەستوریی ھەرێم و پەرەپێدانی پەلەکردن لە ھەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراھەمەکردنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا، خوازیاری ئەوەشن ھەموو لایەک ھاوکاربن لەبەردەوامی کەشی برایەتی و کاری پێکەوەیی و نەھێشتنی کەلێنەکانی رابردوو .

لە کۆتای راگەیەنراوەکەشدا یەکێتی و پارتی ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بڕیاریانداوە وەک یەک تیم کاربکەن و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجامبدرێت بۆ فەراھەمکردنی کەشوھەوای لەبار لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لەناوچەکەدا ھەیە .