ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ئەم بایەی کە ئێستا ڕووی لە سلێمانی کردووە، خێراییەکەی حەوت بۆ ھەشت مەتر لە چرکەیەکدا بووە ، کە دەکاتە ٣٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، بە ئاڕاستەی باکوری ڕۆژھەڵات کاریگەری ھەبووە لەسەر ناوچەکە، لە کاتەکانی ئێوارەشدا خێراییەکەی کەمتردەبێتەوە و چالاکیەکەی کەمدەبێتەوە، بۆ سبەینێ چوارشەمەش ئەگەری ھەیە لە کاتەکانی نیوەڕۆوە چالاک ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، پلەکانی گەرما نزمە بەراورد بە تێکڕاییەکانی کە نزمترین پلەی گەرمی  ئەمڕۆ ١٧ پلەیە و بەرزترین پلەش ٢٨پلەیە ، کە بۆ مانگی ئایار ئەم پلەیە نزمە بەراورد بە مانگی ئایاری ساڵی پار، ئەوەش بەھۆی کاریگەری ئەو بارستە ھەوا ساردەی کە ئێستا لەسەر ناوچەکە ھەیە.

بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی ڕاشیگەیاند، بۆ ڕۆژانی داھاتوو پلەکانی گەرما بە شێوەی پلە پلە ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات، بەڵام ھەر نزیکە لە ئاستی تێکڕاییەکان، واتە بەشێوەیەکی بەرچاو پلەکانی گەرما بەرز نابێتەوە کە ھەست بە گەرمییەکی زۆر بکرێت.