ئێوارەی ١١ـی ئەم مانگە بەھۆی رێگری لە بەشداریکردنی شاندێکی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد بۆ بەشداریکردن لە کردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی، دەروازەی سێمالکا لە دیوی ھەرێمەوە داخرا، بەوھۆیەش نرخی خۆراک و سەرجەم پێداویستییەکانی ھاووڵاتیان لە رۆژئاوا بەرزبووەتەوە، چونکە دەروازەی سنوریی سێمالکا تاکە دەروازەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ دەرەوە.

ئیدارەی دەروازەی سنوریی سێمالکا لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، ھەوڵیانداوە لە کێشە سیاسییەکاندا گەلی کورد لە سوریا زیانی بەرنەکەوێت، بەڵام رەفتارەکانی پەیەدە وایکردووە چیتر نەتوانن رەفتارەکانیان قبوڵ بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێن دەدەن لە ماوەیەکی نزیکدا کار بۆ چارەسەری گرفتەکان بکەن.

لای خۆیەوە ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، بەبێ ھیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت و ھۆکارێکی باوەڕپێکراو و، بەبڕیارێکی کەسی دەروازەی سنووریی سێمالکا بەڕویاندا داخراوە، داواش دەکات چیتر بڕیاری حزب و کەسەکان زیان بە گەلی کورد لە سوریا نەگەیەنێت.