ستران عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆبوونەوەکەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چارەسەری کێشەکانی نێوان ھەردوولا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان و پرسی ھەڵبژاردن و دۆخی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.

ستران عەبدوڵا راشیگەیاند، ھەفتەی رابردوو کۆبوونەوەی نێوان قوباد تاڵەبانی و مەسروبارزانی بەڕێوەچوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی حکومەت، لەو کۆبونەویەشدا پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو حزب ئاسایی دەکرێنەوە.

لە دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان، ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی ھەردوولایە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی کە ئەنجام بدرێت، دواین کۆبوونەوەی ھاوبەشیش لە رۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە سلێمانی بەڕێوەچوو.