قوباد تاڵەبانی لە یادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
١٥ی ئایاری ٢٠٢٣
دەقی پەیامی قوباد تاڵەبانی....
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
بەبۆنەی یادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئێوە و ھەموو مامۆستایانی کوردستان دەکەم.
یەکێتی مامۆستایان خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە شانازییە، چ وەک بەشداریکردن و رۆڵی گرنگی لە خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەکەماندا و چ وەک ئەرکی پیشەیی خۆی لە پەروەردەکردنی چەندین نەوە و داکۆکیکردن لە مافی مامۆستایاندا.
گومانی تێدانییە کە ئەرکی یەکێتی مامۆستایان لەم قۆناغەدا قورسترە لە ھەر قۆناغێکی دیکە، بەوپێیەی داھاتووی وڵاتەکەمان بەندە بە پەروەردەکردنی نەوەیەکی زانستخوازی نیشتمانپەرەوەرە و بۆ ئەمەش پێویستە یەکێتی مامۆستایان رۆڵی کارا ببینێت لە پێداچوونەوە بە سیستمی پەروەردە و گەشەپێدانی زیاتری پەروەردەی کوردستان.
جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە ھەموو مامۆستایانی کوردستان دەکەم و ھیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ رێکخراوەکەتان دەخوازم.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران