سەمیر ھەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە ھەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ پەسەند کرا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژەی ھەموو لایەنەکانی حکومەت بووەو بە کۆی دەنگی سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران و ھەموو ئەندامانی ئەنجومەن پەسەند کراوە.

سەبارەت بەوەی گوایە ھەندێک لایەن لە دژی بوون، سەمیر ھەورامی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و وتی؛ گفتۆی ورد کراوە لەبارە چۆنییەتی دارشتنی پڕۆژەکە، ئەگینا ھەموو لایەنەکانی پێکھێنەری حکومەت، لەگەڵ ناوەڕۆک و ئامانجی ئەو پڕۆژەیە بوون و بەھیچ شێوەیەک رەتنەکراوەتەوە.

وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیران جەختیشی کردەوە، ھیچ کەسێک دژی نەبووە و ھەمووان لەگەڵ ئەو مەبدەئە بوون، کە پێویستە بۆ رێکخستنەوەی دارایی ھەرێم، داھات و خەرجییەکان ناوەندیی بن و مووچە سیادی بێت.