پەسندکردنی پڕۆژەکە لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بوو، کە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو.

بەپێی راگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە، سەرۆک وەزیران لەکۆبوونەوەکەدا بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێشخەییەکەی مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپات کردەوە و جەختی لە ھاوھەڵوێستی و یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان بۆ داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پرسی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت تاوتوێکرا و سەرۆک وەزیرانی ھەرێم رایگەیاند، ھەرێم ھەموو پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە و چاوەڕێی رێککەوتنی کۆتایی ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و تورکیایە بۆ دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگ  بڕیاردرا ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری ھەرێم، لە ڕێگای (بە ناوەندییکردنی داھات و سیولە و خەرجی و مووچە)وە بێت، و، بڕیاردرا، بە ڕێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داھات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داھاتی گشتی و بەیەکەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی.

ھەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لە سەرتاسەری ھەرێم، بۆ خەرجیەکانی دیکەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میکانیزم و ڕێکاریی گونجاو و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی ھەر پارێزگا وئیدارەیەکی سەربەخۆ، ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران ، سەرپشککران بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە ڕاسپێردراوەکان بۆ جێبەجێکردنی.

لــە تــەوەرێــکی دیــکەدا، لــەبــارەی کــێشە ئــەمــنییەکــان، ئــەنــجومــەنــی وەزیــران بــڕیــاریــدا، لێکۆڵینەوەیەکی ھاوبەش لە ڕێی لــیژنــەیــەکــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەکــان بــە گشــتی دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی. دواتـــر ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر.