نوسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم: بەکارو خزمەت وەڵامی کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەڕین دەدرێتەوە
کوردسات نیوز
١١ی ئایاری ٢٠٢٣
ئەحمەد زرار، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین، بەئامادەبونی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ڕاپەڕین و ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند، پێشوازی لە وەفدی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ژوان سابرو عەتا محەمەد و تیمی یاوەرییان کرد.
لەکۆبوونەوەیەکدا، کە لەهۆڵی چالاکییەکانی مەڵبەند بەڕێوەچوو، لێپرسراوی مەڵبەند بەوردی هەڵوەستەی لەسەر ڕەوشی ئیداری و خزمەتگوزاری ناوچەکە کردو لەگەڵیدا پێشنیارو ڕاسپاردەکانی مەڵبەندی لەپێناو گەشەپێدانی ئیداری و بوژاندنەوەی خزمەتگوزاری و باشتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەڕین خستنەڕوو.
دواتر دەرگەی گفتوگۆ بەڕوی بەشداربوواندا کرایەوە، لەکۆتا وێستگەی کۆبونەوەکەشدا وەفدی نوسینگە وێڕای بەهەند وەرگرتنی کۆی سەرنج و پێشنیارەکان، جەختیان لەکار لەسەر کردن و کارپێکردنیان کردەوەو ڕایانگەیاند؛ بەکارو خزمەت وڵامی تێکۆشان و دڵسۆزی کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەڕین ئەدرێتەوە.