رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ تیمی ھەرێمی کوردستان بۆ روبەڕوبوونەوەی مەترسییە داراییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر کە لە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و ١٥ دامەزراوەی ھەرێمی کوردستان پێکھاتوون کۆبووەوە.

وەزیری ناوخۆ لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لە ھەوڵەکانی حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان کرد کە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی رووندا چەندین ساڵە شەڕی تیرۆر و سەرچاوەکانی داھات و پارەدارکردنی دەکەن و لە بوارەکانی نەھێشتنی دەرفەت بۆ سپیکردنەوەی پارەش ھەنگاوی زۆر باش نراون. 

ھەروەھا تیمی ھەرێمی کوردستانی راسپارد کە ھەموو ھەماھەنگییەک لە گەڵ تیمی فیدراڵی بکەن و ئەو راسپاردانەی پێویستن لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێن، ھەروەھا باسی لە پڕۆژەیاسای ھەرێمی کوردستان کرد بۆ جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، کە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکراوە و بۆ دەرچوواندنی رەوانەی پارلەمانی کوردستان کراوە.