ئەمڕۆش ٧ی ئایاری ٢٠٢٣ رەفعەت عەبدوڵا بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی کرد لە وەفدێکی حزبی سۆسیال دیموکراتی سوید، کە پێکھاتبوون لە تۆرگنی لارشۆن سەرۆکی ئەنجومەنی ھەرێمی ئۆریبروو و کارینائۆسکارشۆن راھێنەری نێودەوڵەتی  و فەرھەنگ شێخ محمد ئەندامی ئەنجومەنی ئۆریبروو و ھێلان سندی سەرپەرشتیاری پرۆژەکە لە سلێمانی .

لە دیدارێکدا کە لەبارەگای مەکتەبی سیاسی بەرێوەچوو، وەفدی میوان گرنگی ئەم پرۆژە پێنج ساڵیەیان خستەڕوو، کە بۆ پێگەیاندنی کادر و برەودانی زیاترە بە توانا ئایدۆلۆژیەکانی سەرکردەو کلتور وفەرھەنگ ومامەڵە کردنی ئەندام، کادر، لێپرسراو و سەرکردە لەگەڵ یەکتریدا لە ناوخۆی حزب  .

ھەر لەودیدارەدا راھێنەرانی پرۆژە خولەکە ئاماژەیاندا بەوەی کە بایەخ بە بنەما سەرەکییەکانی گەیاندنی دید و پەیامی سیاسی لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا بە کۆمەڵانی خەڵک دراوە و ، بۆئەم تەوەرەش پشت بە شێوازی (بانگەشەی ھەڵبژاردنی باراک ئۆباما) بەستراوە. 

وەفدی میوان ھەڵسەنگاندنێکی ئەرێنیان بۆ ئەو سێ رۆژەی دەستپێکردنی پرۆژە خولەکە بە ھەڤاڵ بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی گەیاند کە وێرای  رەخساندنی شوێنی گونجاو بەگشت کەرەستەیەکەوە ،لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی بەشداریکردنی فێرخوازانیشەوە رەچاوی رەگەز، تەمەن، پلە، لێپرسراوێتی حزبی،ئاستی کۆمەلایەتی ، ئاستی زانستی کرابوو ھەموانیش وەک یەک پەرۆش وپابەندی کاتەکانی بەرێوە چونی خولەکان بوون و لە تاقیکردنەوەکانیشدا سەرکەوتوو بوون .

پاشان رەفعەت عەبدوڵا سوپاسی وەفدی میوان وسەرپەرشتیارانی ئەم پرۆژە گرنگەی کرد و وتی سەرکەوتنی  ھەنگاوی یەکەمی پڕۆژەکە بەرھەمی پەیوەندی دێرینی نێوان ھەردوو لایە وەک دوو حزبی  سۆسیال دیموکرات ،بۆیە پڕۆژەکە ھەنگاوەکانی تریشی بە سەرکەوتویی دەبڕێت .