دەقەی پەیامەکە...


کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
کەسو کاری سەربەرزی شەھیدان
تێکۆشەرە دیرین و قارەمانەکان
جەماوەری دڵسۆزو جوامێری دەڤەری ڕاپەڕین


لە(٣٢) ھەمین ساڵیادی سەرھەڵدانی ڕاپەڕینە مێژووییە وەرچەرخێنەرەکەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کە٥ی ئاداری ساڵی (١٩٩١) بەنەخشەو بەرنامەی گەڵاڵە کراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەرانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە گڕو کڵپەی سەندو ڕزگار بوونی سەرجەم شارو شارۆچکەکانی بە کەرکوکی قودسی کوردستانیشی بەدوای خۆیدا ھێنا.
لەگەڵ دانەواندنی سەری ڕێزو نەوازشمان بۆ شەھیدانی ڕاپەڕین و تێکڕای شەھیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، ڕێکخستنە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامبووانی سەنگەرو سەرجەم ھەڤاڵان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و رانیەو راپەڕین بەتایبەتی دەکەین، ھەموو کاتێکتان ھەر گەرنەڤاڵ و شادی بێت.

پەیامی یەکێتیی پەیامی ڕاپەڕینەو پەیامی ڕاپەڕینیش پەیامی ڕەتکردنەوەی ستەمکاری و جیاکاری و پاوانخوازییە لەحوکم و حکومڕانێتیکردندا، ھەر وەک جەنابی (کاک بافڵ) سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ لە وتارەکەیدا ئاماژەیپێدا: ئەوەی نیگەرانییەکانی کۆمەڵانی خەڵکیش دەڕەوێنێتەوە، راستکردنەوەی ڕێڕەوی حکومڕانێتییە لەسەر بنەمای نیشتمانی و دوور لەشەڕی سەپاندنی ئیرادە. وە ئەو گەلەی ئیرادەی بەعس و ڕژێمەکەی ڕەتکردبێتەوە ھێز نییە بتوانێ بێخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانین، لە پای ڕێکخستنی ئەو مەڕاسیم و ئاپۆرا گەورە جەماوەرییە پڕ جۆش و خرۆشەی ئەمڕۆی دەڤەری ڕاپەڕین، دەستخۆشیەکی گەرم لە مەڵبەندی ۲٤ی ڕاپەڕین و کۆمیتەکانی دەڤەرەکە، بەرپرسانی حکومی،ڕێکخراوە دیموکراتیەکان،  پێشمەرگە دێرینەکان، ناوەندی کۆمەڵایەتی، ھێزەکانی پێشمەرگەو ئەو ھێزانەی ئاسایشی خەڵک و کەرنەڤاڵەکەیان پاراست و سەرجەم بەشداربوونی مەڕاسیمەکە دەکەین و رێز لەماندبوون و پەرۆشی و دڵسۆزییان دەگرین.دەستانخۆش و ماندونەبن،بەردەوام بن بۆ سەرکەوتن و یەکێتییەکەتان و ڕێبازەکەی مام و شەھیدان.

مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
٢٠٢٣/٣/٥