فراکسیۆنی سەوز: ناکرێت چیتر ھاوڵاتیان باجی میزاج و ململانێی سیاسی لایەنەکان بدەن
کوردسات نیوز
٤ی ئازاری ٢٠٢٣
دەقی راگەیەندراوی فراکسیۆنی سەوز لە (٣٢)ھەمین ساڵیادی راپەرینی کۆمەڵانی خەلکی کوردستان /
لە ساڵیادی راپەرینی رزگاری کوردستاندا، بەناوی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان ، سەری رێز لە ئاست رۆحی بەرزەفری شەھیدان دادەنەوێنین ، پیرۆزبایی لە تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین .
راپەرین بەری رەنجی خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەی گەلەکەمان و بەرھەمی خوێنی ئاڵی دەیان ھەزار شەھیدی قارەمان و بە بەشداری و پشتیوانی سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان و یەکێتی و یەکریزی ھێزە سیاسیەکان بوو .
لەکاتێکدا یادی (٣٢) ساڵەی راپەرین دەکەینەوە، بەداخەوە جارێکی تر ھەرێمی کوردستان روو بەرووی قۆناغێکی تری قەیرانی سیاسی و ناکۆکی ناوخۆیی بۆتەوە ، ئەم لێکترازانە ناوخۆیە ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت و بەردەوام بێت وەک پێشھاتێکی مەترسیدار دەبینین بۆ سەر ئایندەی ھەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکانی راپەرین ، بۆیە لەسەر ئاستی ناوخۆیی ، داوای یەکێتی و یەکریزی ھێزە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان دەکەین ، پێمان وایە ئەرکی لە پێشینە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیەکانی ھەرێمە ، بەشێوەیەک پەیرەوی ھاوسەنگی لە شەراکەتی حوکمرانی و کۆتایی بە جیاکاری و نادادپەروەریەی لە دابەشکردنی داھات و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بێت ، داھاتی کوردستان لە ھەرکوێ بێت سەرچاوەکەی ھەر چیەک بێت لە یەک خەزێنە کۆبکرێتەوە بەیەکسانی بەسەر شارو شارۆچکەکانی کوردستان دابەشبکرێت، ناکرێت چیتر ھاوڵاتیان باجی میزاج و ململانێی سیاسی لایەنەکان بدەن، لە ھەمانکاتدا بەئەرکی لەپێشینەی دەزانین رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکرێت لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و پرسی مووچەو قوتی ھاوڵاتیان.
لە ئاستی ناوخۆشیدا پەیرەوی ئەوپەری شەفافیەت لە دۆسێی نەوت و چاکسازی ریشەیی بکرێت لە سەرچاوەکانی داھات ، ھاوڵاتیانی کوردستان کە بەدرێژایی مێژوو بەرگەی سەختی و نەھامەتی زۆریان گرتوە نابێت باجی ئەم دۆخە بدەن .
بەرزو پیرۆزبێت یادی راپەرین
فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان



