فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، بابەتی دەستەی سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن لە دادگای بەغداد و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی بەغدادەوە یەکلایی کراوەتەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، مامەڵە لەگەڵ ئەوانە دەکەن کە لەگەڵیان دادەنیشن، سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی لایەنی بەرامبەری ئەوانە و لەگەڵ ئەوان دادەنیشن.

رۆژی ٢١ ی شوباتی رابردوو، تیمی پارێزەرانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، دەستەی دادوەرانی ھەڵبژاردن بڕیاری کۆتایی لە بارەی دەستەی سەرۆکایەتی یەکێتی داوە، بەوەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و تەواوی رێکارەکان یاسایین.

راشیگەیاندوە، بەو بڕیارە کۆتایی بەو دۆسیەیە ھات، بەو پێیەی بڕیارەکە بە ھیچ جۆرێک شیاوی تانە لێدان نییە.