کۆسرەت رەسول عەلی: بە دەستپێشخەری یەکێتیی سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان ئازادکران
کوردسات نیوز
٤ی ئازاری ٢٠٢٣
لە پەیامەکە دەشڵێت، "ئەم یادە پیرۆزە بە دەرفەت دەزانم داوا لە ھێزو لایەنە سیاسییەکان بکەم لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری گەلەکەمان و زاڵ بوون بەسەر کێشە و قەیرانەکان، لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و کێشەکان کۆتایی پێ بھێنن و چیتر کوردستان نەکەنە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و ھەموو لایەک ھەوڵ بدەن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان، ئەو خەڵکەی لەرۆژگارە خۆش و ناخۆشەکاندا پشتیوانمان بوونە."
دەقی پەیامی کۆسرەت رەسول بۆ ساڵیادی راپەڕین
لە (٣٢)ھەمین ساڵیادی راپەڕینی خەڵکی کوردستان دژی رژێمی بەعسی فاشیست لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە تا کەرکووکی سەری کوردستان، پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان دەکەم و ئومێدەوارین لەئاست گەورەیی ئامانجەکانی راپەڕیندا بین و کوردانەو دڵسۆزانە خزمەتی گەلەکەی خۆمان بکەین.
ئەوێ رۆژێ، لەوکاتەی رژێمی بەعس لە لووتکەی ھێزی خۆیدا بوو، بە دەستپێشخەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھێزە کوردستانییەکان لە بەرەی کوردستانی بەرنامەیەکی تۆکمەمان داناو بەھاوکاری و بەشداری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان ئازادکراو لە رژێمی بەعس پاککرایەوە.
ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی (٣٢) ساڵ بەسەر راپەڕینە جەماوەرییەکەی خەڵکی کوردستان، بەداخەوە دۆخی کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیارو مێژوویدا تێپەڕ دەبێت و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی پێویستدا نییەو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چاویان لە خزمەتکردنی زیاترە، بۆیە ئەم یادە پیرۆزە بە دەرفەت دەزانم داوا لە ھێزو لایەنە سیاسییەکان بکەم لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری گەلەکەمان و زاڵ بوون بەسەر کێشە و قەیرانەکان، لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و کێشەکان کۆتایی پێ بھێنن و چیتر کوردستان نەکەنە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و ھەموو لایەک ھەوڵ بدەن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان، ئەو خەڵکەی لەرۆژگارە خۆش و ناخۆشەکاندا پشتیوانمان بوونە.
دووبارە پیرۆزبایی ئەم یادە لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەم و سەری رێزو نەوازش بۆ شەھیدان دادەنوێنین.
کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان



