دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 

سی ودوو ساڵ بەسەر راپەڕینی گەلەکەمان دژی زوڵم و ستەمی دیکتاتۆری رژێمی بەعس تێپەڕدەبێت.

لە دەروازەی راپەڕینەوە بۆ وێستگەکانی زەماوەندی سلێمانی و روخانی قەڵای ستەم لە ھەولێری دێرین و راماڵینی سوپای بەعس لە دھۆکی دەلال تا تاجی راپەڕینەکان لە نەورۆزی رزگاری کەرکوکدا، دەیان شار و شارۆچکەی کوردستان بە خوێنی دەیان شەھید و رەنجی دەیان ھەزار راپەڕیوی میللەتەکەمان ئازادکران.

یەکێـتیی نیشتمانیی کوردستان بەشانازییەکی زۆرەوە ٣٢ ساڵە خاوەندارێتی رێبەرایەتی کردنی راپەڕین و پارێزگاری کردن لە پەیام و ئامانجە پیرۆزەکانی دەکات. بەھاوکاری ھێز و لایەنە نیشتمانپەروەرەکان لە ھەموو کایەکاندا خەباتی بێوچان دەکات بۆ گەشەپێدانی دەستکەوتەکانی ئازادی و دیموکراسی و حوکمڕانییەکی ڕاست و دروست، بۆ ئەم مەبەستە پیرۆزەش قوربانی داوە و ئامادەی  قوربانی زیاتریشە.

ئەمرۆ (٣٢) ساڵە نەوەکانی راپەڕین لە سایەی کوردستانی ئازاددا پێدەگەن و بەگیانی پەیامی راپەڕین دژی ستەم و دیکتاتۆری چاویان لە ئایندەی گەش و ئاسۆیەکی شایانتری ژیان و گوزەرانە.

ساڵ لەدوای ساڵ نەوەیەکی تازە دێنە کۆڕی ژیانی سیاسیی و گشتییەوە و روانینی نوێیان بۆ کوردستان و بۆ راستکردنەوەی ئەزموونی حوکمڕانی وڵاتەکەمان ھەیە و ھەقیشیانە بە نەفەسی رەخنەگرانە و بە پەرۆشی پەیامی جارانی راپەڕینەوە ویست و ئیرادەی تازە لە خۆیان نیشان بدەن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە گیانی ھەمیشە زیندووی راپەڕین و بۆ پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی ٣٢ ساڵەی ئازادی و دیموکراسیی رووی لە ھەموو ھێزە سیاسییەکانی وڵاتە بۆ ئاشتییەکی سەربەرزانە و دادپەروەرانە، رووی لە کچان و کوڕانی کوردەوارییە تا پێکەوە خاوەندارێتی لە پەیامی ھەمیشە نوێبونەوەی راپەڕین بکەن و پێکەوە  بەخەباتی دیموکراتی و مەدەنی و ھەڵبژاردن ویستی جیاکاری و مەیلی پاشەکشێ لە ئازادی و دیموکراسیی بەرپەرچبدەینەوە.

کە ئەمە داخوازی رەوای کوردەواری سەدەی بیست و یەکە و پابەند بوون و رێزگرتنیشە لە خەباتی دەیان ساڵەی گەلەکەمان و شەھیدە سەربەرزەکانی کاروانی دوورودرێژی شۆرش و راپەڕینەکانی.

پیرۆز بێت یادی راپەڕین و نەمری بۆ شەھیدەسەر بەرزەکانی
پیرۆز بێت لە کچان و کوڕانی کوردستانی ئەمرۆ کە خەباتی دیموکراسی و مەدەنییان بۆ ژیانێکی شایستە و ھیوا بەخش جوانترین دیاری بەھارییە.

مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان