لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ٤٨ شوێن دادەخەن
کوردسات نیوز
٤ی ئازاری ٢٠٢٣
قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاد، لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە مانگی دووی ٢٠٢٣دا، حەوت ھەزار و ٥٦ سەردانیان بۆ دوکان، بازاڕ و شوێنەگشتییەکان کردووە، کە بەھۆی پابەندنەبوون بەمەرجەکانی تەندروستی، ڤێتێرنەری و رێنماییەکانی دیکەی کارکردن ٨٣١ شوێن پسوڵەی سەرپێچی بۆ کراوە، ھەروەھا ٤٣٤ شوێنیش ئاگادارکراونەتەوە، کە پابەندی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن بن بۆئەوەی سزانەدرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی پابەندنەبوون بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن و چەند بارەبوونەوەی سەرپێچییەکانیان، لە مانگی رابردوودا، لیژنە ھاوبەشەکان بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی ٤٨ شوێنیان داخستوە و نۆ شوێنیشیان رووبەڕووی دادگا کردووەتەوە.
ئەوەشیخستووەتەڕوو، لەمانگی رابردوو زیاتر لە ٣٣ تۆن و ٣٣٧ کیلۆگرام کاڵاوشمەک، خواردەمەنی خراپ و ماوەبەسەرچوو لە ناوبراوە، ھەروەھا بەھۆی سەرپێچی شوێنەکان، لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە بڕی ٧٥ ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار دینار غرامەی شوێنەکانیان کردووە.



