ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم: بڕیاری دادگای فیدراڵی خزمەت بە سەقامگیری عێراق ناکات
لاڤە
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
عەبدولجەبار عەزیز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم لە روونکردەوەیەکدا بڵاویکردەوە، بڕیاری دادگای فیدراڵی خزمەت بە سەقامگیری و ئارامی عێراق ناکات، بە پێچەوانەوە دژی ئەو ھەوڵ و کۆششانەیە کە لە ساڵی رابردوو، عێراقی لە قەیرانێکی سەخت دەرباز کرد بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ و لەکاتێکیشدایە کە بەرەوپێشچوونی باش لەنێوان ھەرێم و حکومەتی فیدراڵیدا ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی رابردوو.
راشیگەیاند، دادگای فیدراڵی ئێستای عێراق نادەستورییە و پێویستە پێداچوونەوە بە پێکھاتەکەیدا بکرێت، ئاماژەی بەوەشدا ناکرێت لە قۆناغێکی ھەستیاری وەک ئێستا، دادگای فیدراڵی بە چاوی زۆرینە و کەمینە بڕیاربدات و جیاوازی لەنێوان پێکھاتەکانی عێراقدا بکات بە تایبەت بابەتی موچە و قوتی خەڵک.
ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم داواشی لە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بە دوای چارەسەریی دەستوری و یاساییدا بگەڕێن و یاسایەکی نوێ بۆ پێکھێنانی دادگای فیدراڵی دابڕێژرێت، کە مافی ھەموو لایەنێک بەبێ رەچاوکردنی زۆرینە یان کەمینە پارێزراو بێت.