ئارێز عەبدوڵلا لێپرسراوی مەکتەبی گەشەپێدانی بیروھۆشیاری پێشوازیکرد لە  د. فەریاد فازڵ عومەر سەرۆکی ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین و مامۆستا رەفیق ساڵح بەڕێوەبەری بنکەی ژین و گفتوگۆیان لە بارەی خزمەتکردنی زیاتری ئەدەب و رۆشنیبیری کوردی کرد . 

لە دیدارەکەدا سوپاسی د. فەریاد فازڵ و ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین کرا، لە پای ھەوڵ و ماندبوونیان لە ناساندنی زیاتری ئەدەبی رەسەنی کوردی و وەرگێڕانی چەندین بەرھەمی شیعری شاعیرانی کورد وەک ئەحمەدی خانێ، مەلای جزیری و عەبدوڵلا گۆڕان. 

لە بەرامبەردا د. فەریاد فازڵ، وێڕای سوپاسگوزاری بۆ ئەو پێشوازییە گەرم و بەسەرکردنەوەیە باسی لە ھەوڵەکانی خۆی وەک ئەکادیمستێکی کورد و ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین کرد و رایگەیاند: ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئەدەبیاتی رەسەنی کوردی بۆ زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی و زمانەکانی دیکە وەربگێڕین، چونکە ئەو گواستنەوەیە بۆ کورد گرنگە و دەبێت کارێکی وابکەین کە نەتەوەکانی دیکە ئێمە لەڕێی ئەدەبیات و شارستانیەتە رەسەنەکەمانەوە بناسن. بۆیە ئەوەندەی بۆمان بکرێت لەسەر ئەم شێوازی ئیشکردنەمان بەردەوام دەبین و لە داھاتووشدا چەندین بەرھەمی ئەدەبیاتی کوردی وەردەگێڕین.