ھێزێکی سوپای عێراق ھەڵیکوتایە سەر چەند گوندێکی کوردنشین لە سەرگەڕان
ئایار
٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ ھێزێکی سەر بە فەوجی چواری لیوای ٣٢ی سوپای عێراق، ھەڵیکوتاوەتە سەر گوندەکانی "خەرابە و پەڵکانە و سەربەشاخ و گابەڵەکە و شانەغە" لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان و بەڵیننامەیەکیان بەسەر دانیشتووانی ئەو گوندانە دابەشکردووە و داوایان لێکردوون سەردانی لیژنەی کشتوکاڵی کەرکوک بکەن.
راشیگەیاند، ھەر ئەمڕۆ بەھۆی فشاری عەرەبەھاوردەکانەوە کێشە لەنێوان کوردانی گوندی یەنکیجەی ناوچەی تاڵەبان لە سنوری داقوق و عەرەبە ھاوردەکانی گوندی کڵیسە دروستبووە و عەرەبە ھاوردەکان مەڕوماڵاتەکانیان کردووەتە ناو زەویوزاری چەند جوتیاریکی گوندی یەنکیجە، بەو ھۆیەوە گرژی لەنێوان ھەردوولادا دروستبووە و دواترعەرەبە ھاوردەکان ناچارکراون گوندەکە بەجێبھێڵن.