عەلی عەبدوڵا، وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە خانوویەکی گەڕەکی ئۆردوگای چۆمان لە ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە ئاگرکەوتەوە و لە ئەنجامدا ژنێکی دووگیان کە تەمەن ٢٥ ساڵ بووە گیانی لەدەستدا و بەشێکی زۆری ماڵەکەش سوتا.

روونیشیکردەوە، خاوەن ماڵەکە پێشمەرگەیە و لە دەوام بووە، ژنە دووگیانەکەشی بە تەنھا لە ماڵ بووە و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە ژنەکە شەو ھیتەری داگیرساندووە و بەھۆی توانەوەی سویچ پلاکی ھیتەرەکە شۆرتی کارەبا دروستبووە و ماڵەکەیان سوتاوە.

وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین وتیشی، ھاووڵاتیان زۆر درەنگ پەیوەندییان بە بنکەی بەرگری شارستانییەوە کردووە و داواشی کرد لە کاتی ھەر رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا بە زووترین کات پەیوەندی بە ژمارە ١١٥ بکەن، بۆ ئەوەی رووداوەکان کارەساتی لێنەکەوێتەوە.