قائیمقامیەتی سلێمانی: روداوەکانی ئاگرکەوتنەوەمان لە سلێمانی گەیاندووەتە کەمترین حاڵەت
کوردسات نیوز
٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
نەقیب بابان ئەحمەد سەرۆکی لیژنەی سەلامەتی باڵەخانە لە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا کاری زۆر باشیان لە شوێنە گشتییەکان و باڵەخانەکاندا کردووە، لەرێگەی پێدانی ھۆشیاری و گرتنەبەری رێکاری یاسایی لەگەڵ خاوەن بازاڕ و باڵەخانەکان بۆئەوەی پابەندی رێنماییەکانی بەرگری شارستانی بن، کارەکانیشیان ئەنجامی باشی ھەبووەو توانیویانە ژمارەی روداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بەرێژەیەکی باش کەم بکەینەوە.
وتیشی، لیژنەکەیان لە ٢٠٢٢دا ھەزار و ٦٨٧ سەردانیان کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە رێنمایی تەواویان داوە بەو شوێنانە، ١٥٥ شوێنیان ئاگادارکردووەتەوەو ١٥ شوێنیشیان داخستووە.
سەرۆکی لیژنەی سەلامەتی باڵەخانە ئاشکراشیکرد، لەئەنجامی کاری ئەو لیژنەیە و لیژنەکانی بەرگری شارستسنی روداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە تەلار و باڵەخانەکاندا بەرێژەیەکی باش کەمبووەتەوەو کەمترین قوربانی ھەبووە، بەشێوەیەک لەساڵی ٢٠٢٢ دا ژمارەی روداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانە و شوێنە بازرگانییەکان ١٤ حاڵەت بووە، لەساڵی ٢٠٢٠ دا ١٣٤ حاڵەت و لە ٢٠٢١دا ٣٨ حاڵەت بووە.