قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەھەولێر لەگەڵ برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا کۆبووەوە و تاوتوێی پرسی وزە و سیاسەتی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستانیان کرد.

جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، دەبێت ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پەلە بکەن لە رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ناکۆکییانە بھێنرێت کە چەندین ساڵە ھەیە.
وتیشی، لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکانی ھەرێم و عێراق لە ئاستێکی باشدان و پێویستە ئەم دەرفەتە بەکاربھێنرێت بۆئەوەی رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن لەسەر بودجە و یاسای نەوت و گاز و ھەموو ئاستەکانی تر بکرێت کە لە بەرژەوەندی ھەموو ھاوڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بێت.

لەکۆبوونەوەکەدا وەفدی ئەمریکا پشتگیری خۆیان بۆ بەھێزکردنی ئەو پەیوەندییانە دەربڕی و ئامادەییان نیشاندا ھاوکاری ھەردوو حکومەت بکەن بۆئەوەی بە رێککەوتنێکی گشتگیر بگەن کە لە بەرژوەندی ھەردوولا و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا بێت.

لە کۆبوونەوەکەدا وەفدی ئەمریکا پشتگیری بۆ ھەرێمی کوردستانیش دووپات کردەوە لەسەر بەردەوامیدان بە ھاوکاریکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارتی پێشمەرگەدا، ھیواشیان خواست لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لەڕێی گفتوگۆ و دانووستانەوە کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر بکەن.