رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە ساڵی رابردوودا ٤٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنورەکان گیانیان لەدەستداوە و ٢٤٤ی تریش برینداربوون، کە ٢٠٩ حاڵەتیان بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان بوونەتە قوربانی و ٣٥ حاڵەتیش بە رووداوی سروشتی وەک ھەڵدێران و خنکان و ھەرەسی بەفر.

بە پێی ئامارەکەی رێکخراوی ھەنگاو، زۆرترین قوربانی لە پارێزگای کرماشان بووە کە ١٦٢ حاڵەت بووە دواتریش پارێزگای سنە ١٠٨ حاڵەت و ورمێ ٢٠ حاڵەت.

ھەر لە ساڵی رابردوودا ١١ منداڵی کۆڵبەر کە تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵ بووە، بوونەتە قوربانی، بە جۆرێک ٤ منداڵی کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان و دووانیشیان بەھۆی لێدان گیانیان لەدەستداوە و ٧ی تریش برینداربوون.

بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی قوربانیانی کۆڵبەر لەسەدا ٣٥ زیادیکردووە و لە ٧٥ حاڵەتەوە بەرزبۆتەوە بۆ ٢٩٠ حاڵەت لە ساڵی ٢٠٢٢دا.