وەفدی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە
کوردسات نیوز
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محمەد سدیق ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازیان لە وەفدێکی ڕاوێژکارانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی کۆلۆنێڵ سانبۆرن لێپرسراوی ئۆفیسی ھەماھەنگی ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبونەوەیەکدا باس لە ھەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەربارەی پرۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی بەرنامە و بڕگەکانی ئەو پرۆسەیە کرایەوە، ھاوکات گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی فیرقەکان و ئامادەکارییەکان بۆ سەرخستنی ھەنگاوەکانی وەزارەت لەوبارەیەوە کرا. لە تەوەرێکی تردا تاوتوێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کرا و جەخت لە جێبەجێکردنی بڕگە و ناوەرۆکی لێکتێگەیشتنەکە کرایەوە.