راگەیەندراوی سەرۆک و تیمی وەزاری یەکێتی لە کابینەی نۆیەم
کوردسات نیوز
١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
دەقی راگەیەندراوەکە....
بەداخەوە سەرەڕای بوونی دنیایەک کێشەو قەیران و قووڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکان، چاوەڕوان بووین بۆ یەک جار سەرۆکی حکومەت وەک سەرۆکی حکومەتی ھەرێم قسە بکات، چاوەڕوان بووین پەیامەکەی دەستپێشخەری بێت بۆ چاککردنی دۆخی ژیانی ھاووڵاتیان و کۆتایی ھێنان بە کێشەکانی نێوان ھێزو لایەنە سیاسییەکانی ناو حکومەت بێت، بەداخەوە وانەبوو، ئێمە چاوەڕیی ھەڵوێستێک بووین کە ھەوڵێک بێت بۆ نزیکبوونەوەی لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی چارەنوسساز لەنێوانیادا.
ئێمە گلەیی و ھەڵوێستمان ھەبووە لەکردەوە و شێوازی ئیدارەدانی ئەم کابینەیە کە مەسرور بارزانی سەرۆکیەتی. گلەییەکانیشمان ھی خەڵکن. پەیوەندییان بە شێوازی حوکمڕانیە، پەیوەندییان بە خراپی خزمەتگوزاریە. پەیوەندییان بە نا دادپەروەرییە لە نێوان شارێک بۆ شارکی ترە. گلەییەکانیشمان گەیاندووە لەڕێی نوسراوێکەوە نەک لەمیدیا بڵاوی بکەینەوە بۆ موزایەدە کردن و چارەسەرەکانیشمان داڕشتووە لەپیناو پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی ھەرێمەکەمان، بەڵام لەبری ئەوەی دەستی چارەسەر درێژ بکەنەوە، یاخود سەرۆکی حکومەت راستەوخۆ لێمان بپرسێت ئەرێ کێشەتان چیە؟ راگەیەندراوێکی لەو جۆرە بڵاو دەکاتەوە.
لەبارەی شەھیدکردنی عەقید ھاوکار جاف سەرۆکی حکومەت دەیەوێت بەزۆری زۆرداری یەکێتیی و چەند کەسایەتییەک لەناو یەکێتی تۆمەتبار بکات، بیریان چووە لە سەرەتای رووداوەکەوە ئەوە یەکێتی بوو داوای لێکۆڵینەوەی ھاوبەشی کردو داواشی کرد لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەشداربن لە لێکۆڵینەوەکان، کەچی دەزگا ئەمنییەکەی سەرۆکی حکومەت ھەر زوو سیناریۆکەی خۆیان بڵاوکردەوەو دەیانەوێ بیکەنە ئەمری واقیع، تازە بەتازە سەرۆکی حکومەت قسەی یەکێتی دووبارە دەکاتەوەو دەڵێ با لایەنی نێودەوڵەتی بێنە ناو لێکۆڵینەوەکان، پاش چی! دوای ئەوەی سیناریۆکانتان بڵاوکردۆتەوە، و تەواوی بودجەی ھێزێکی نیشتمانی قارەمانی وەک دژە تێرۆرتان بڕی، و ھەوڵی بڕینی قووتی سەدان قارەمانی ئەم نیشتیمانەتان داوە، تازەش بیرتان کەوتۆتەوە کە ئەم رووداوە لە جەرگەی پایتەختی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، پێدەچێت سەرۆکی حکومەت ئاگای لێ نەبێ یان نەیەوێت ئاگای لێبێت ھەر لەو جەرگەی ھەولێرە ھێزێکی یاخی و لەیاسا دەرچوو ھەڕەشەی چوونە سەر ماڵی جێگری سەرۆکی حکومەت کرد و ھەر لەو جەرگەی پایتەختەش رۆژنامەنووس و دەیان و سەدان کەسیش تیرۆر دەکرێ و تاوانبار داڵدە دەدرێ و فەوجیشی بۆ دەکرێتەوە.
ئینجا سەرۆکی حکومەت لە راگەیەنراوە پڕ لە چەواشەکارییەکەی دەڵێت؛ یەکێتی بەرپرسە لەو دۆخەی لە سلێمانی، ھەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان دروست بووە، چاوەڕوان بووین سەرۆکی حکومەت بڵێ بڕیارمدا بەشێوەیەکی مەیدانی خۆم سەردانی سلێمانی و دەڤەرەکە بکەم و لە کێشەکان بکۆڵمەوە، بەڵام بەداخەوە وەک کاری ھەمیشەیی تۆمەتی بەخشیوەتەوە، بەم ھەنگاوەشی سەلماندی کە نایەوێت سەرۆکی حکومەتی ھەموو ھەرێمی کوردستان بێت و دەبێ خەڵکی خۆڕاگرو خۆشەویستی سلێمانی بپرسن: کە ئەو سەرۆک حکومەتە لەماوەی نزیکەی چوار ساڵدا چەند جار ھاتۆتە ئەو سنوورە؟ ھەر جارێکیش ھاتبێ بۆ قردێلە بڕینێک ھاتووەو خێرا گەڕاوەتەوە.. بەڵێ ئابڵوقە خراوەتە سەر سلێمانی، ئەی ئابڵوقە لای ئێوە چی ئەگەیەنێت؟ نەدانی شایستە داراییەکانی سلێمانی چی ناو دەنێن؟ دواکەوتنی مووچە لە سلێمانی و دابەشکردنی لەھەولێر چی ناو دەنێن؟ پیلانی کەمکردنەوەی داھاتی سلێمانی بۆ نانەوەی ئاژاوە نەبێت چیی پێدەڵێن؟ لەوەیان تەنھا سیاسەتی چەوت کەڵکی نییە، ئێمە دەتوانین بەزمانی داتا و ژمارە پێتان بڵێین: بەڵێ بە پیلان ئابڵوقەتان خستۆتە سەر سلێمانی.
ھەمووان دەزانن کێشەی سەرەکی و گەورەی کوردستان داھاتی نەوتە نەک تەنھا داھاتی ناوخۆ، ئەوە سەرۆکی حکومەت و سیاسەتە داراییەکەیەتی کە ھەرێمەکەمانی کردۆتە قوربانی سیاسەتی ناڕوون و نا شەفافی داھاتی نەوت! لەبری نیعمەت، نەوتیان کردۆتە نەعلەت!
لە داھاتی ناوخۆش، ئەرێ بێ زەحمەت پێمان بڵێن کێ دەزانێ داھاتی ئیبراھیم خەلیل چەندە؟ ئەو لیژنانەی سەرۆکی حکومەت باسیان دەکات بۆ ناچن کۆنتڕۆڵی داھاتی ئیبراھیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و خاڵە سنوورییەکانی تر بکەن؟
کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتنی سیاسی پێکھات، ئێمەی یەکێتی لە گفتۆگۆکانمان وتمان زیاتر لە کابینەکانی پێشوو دەبێت کار لەسەر نەھێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی بکەین، ئێمە ئەوکات کە ئەو داوایەمان ھەبوو لەخەمی ئەوە بووین کە غەدر لە سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان نەکرێت، کە بەداخەوە وەک پێشبینیمان کرد، غەدرەکە کرا و بەسەروزیادەوە، ئەوەش یەکێک بووە لە نیگەرانییەکانمان لە خودی سەرۆک حکومەت.
ھەرزوو ئەم رێککەوتنەی حکومەتی پێ پێکھێنرا شکێنرا، بەڵام ھەر دانمان بەخۆماندا گرت و گوتمان بەڵکو باشتر بن و وردە وردە فێربن کە حوکمڕانی بەو عەقڵیەتە ناکرێت!
لێرەدا بە پێویستی دەزانین بڵێین؛
ئەگەر سەرۆکی حکومەت ئەوەندە چاکسازی خوازە، چەند ساڵە بۆ پڕۆژە یاسای بودجە نا نێرێتە پەرلەمان؟ تیمی یەکێتی رێگربوون؟. بەڕێز سەرۆکی حکومەت، لە جیاتی خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارەتی کەرەستەی حکومەت بخەرە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووتەمەنی، کارەبا، نەوتی سپی ماڵان، غاز، گرانی بازاڕ و دابین کردنی دەرمان بۆ ھاوڵاتیان. ئاشکرایە کە داھاتی کوردستان بەشی تەواوی مووچە دەکات، دەبا وەک چۆن لەو نامەیەی کە بۆمان ناردویت نوسیبوومان؛ داھاتی کوردستان یەک بخە و مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک خەرجی سیادی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت دوور لە فەلسەفەی دوو ئیدارەیی تاکو ھەموو ھاوڵاتیانی کوردستان سودمەند بن.
لەکۆتاییدا بەوپەڕی راشکاوییەوە دەڵێین:
یەکێتی ھیچ کات لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن نەترساوەو ئامادەین بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، بە یاسایەکی ھەموارکراوو لیستێکی پاکی تۆماری دەنگدەران و زامنکردن و پاراستنی مافی پێکھاتەو نەتەوە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان.
پێشمان وایە: راگەیەنراوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەت باشترین وەڵامە بۆ پرسیاری خەڵکی کوردستان کە دەڵێن؛ بۆ تیمی یەکێتیی ناچنە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران؟. بە داخەوە ئەم کابینەیە خراپترین کابینە بووە لە مێژووی حوکمڕانی کوردستان.
سەرۆک و تیمی وەزاری یەکێتی لەکابینەی نۆیەم