بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەینێ بە گشتی ئاسمانی ھەرێم ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری دەستپێکردنی بارینی نمەباران لە کاتەکانی نیوەڕۆدا لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک و ھەڵەبجە، ھەروەھا لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا شەپۆلی بارانبارینەکە پارێزگای سلێمانیش دەگرێتەوە، پێشبینیش دەکرێت لە شەودا ڕێژەیەکی زیاتر باران لەو ناوچانە ببارێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ھەولێر ئاسمان ھەوری تەواو بێت لەگەڵ کەمێک نمە بارانی بچڕ بچڕ، بەڵام لە پارێزگای دھۆک تەنھا ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت. کەشناسی ھەرێم پێشبینیش دەکات لە ناوچە شاخاوییەکانی رۆژھەڵات و باکوری ڕۆژھەڵاتی ھەرێم بەفر ببارێت و پلەکانی گەرما زیاتر نزم ببنەوە.