وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لەسەر بودجەی ١٥٪ی  داھاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر٤٠ پڕۆژە و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگە ٣٧ پڕۆژە، ئەو پرۆژانە لە سنووری ھەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر جێبەجێکراون، لەسەر بودجەی ١٠٠٪ی شارەوانی و تەمویلی دارایی ٣ پڕۆژە و لەسەر پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیش ١١ پڕۆژە جێبەجێ کراون.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەیان بەوەکرد ، پڕۆژەی ستراتیژیی شەقامی بازنەیی ١٥٠ مەتری ھەولێر بە گوژمەی زیاتر لە ١٣١ ملیۆن دۆلار لە شەقامی ھەولێر - کۆیە بۆ ھەولێر - شەقڵاوە، ھەروەھا شەقامی خێرای ڕێگەی گۆپاڵ بە گوژمەی زیاتر لە ١١٠ ملیۆن دولار جێبەجێ کراون. ھەر لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە ڕێگەی کارگەی قیری سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێرەوە بڕی زیاتر لە (٧١٣٢) تۆن قیر بۆ چاککردن و قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی شاری ھەولێر بەکارھاتووە.

باسیان لەوەشکرد، بە مەبەستی پەرەپێدانی ڕێژەی سەوزایی لە ھەولێر، لە ڕێگەی تیمەکانی ئەندازەی پارکەکانی سەر بە شارەوانیی زیاتر لە ١٢١ ھەزار دار و١٨٢ھەزار گوڵ چاندراون و ئەمەش کاریگەرییەکی باشی لە زیاترکردنی ڕێژەی سەوزایی شار ھەبووە، ئێستا ڕێژەکەی گەیشتووەتە ١٩٫٥٪ لەگەڵ ڕەخساندنی ژینگەیەکی پاک و بێگەرد.

ھاوکات تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی سەر بە شارەوانیی ھەولێر زیاتر لە (٧٤٠) تۆن زبڵیان کۆکردووەتەوە و ژێر خاک کراون.