چەند سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی سوتەمەنی پارێزگاکان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم بە کوردسات نیوزیان راگەیاند، قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی نەوت کۆتایی ھاتووە کە پێدانی ٢٠٠ لیتر نەوت بوو لە ناوچە شاخاوییەکان بە ھەر خێزانێک، بەڵام بۆ قۆناغی دووەم و سێیەم کە دابەشکردنی نەوتە لە سەنتەر و دەوروبەری شارەکان، ھیچ وادەیەک دیارینەکراوە، لەبەرئەوەی نەوت لە کۆگاکاندا نەماوە.

بە وتەی سەرچاوەکان، بڕیاری دابەشکردنی نەوت لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە و ھەر کاتێکیش بەغداد نەوت رەوانە بکات پرۆسەی دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تا ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، ٣٦ ملیۆن و ٨٦٩ ھەزار لیتر نەوت لەسەرجەم ناوچە شاخاوییەکانی ھەرێمی کوردستان بە نرخی ١٠٣ ھەزار و ٥٠٠ دینار بۆ ھەر بەرملێک دابەشکراوە و ١٨٤ ھەزار و ٣٤٧ خێزان سودمەندبوون.