دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەمارەتێکی تیرۆریستانی داعش لە سلێمانی و دەوروبەری ئاشکرا دەکات
کوردسات نیوز
٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
دەقی راگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان:
ئاسایشی سلێمانی ئەمارەتێکی تیرۆریستانی داعش لە سلێمانی ئاشکرادەکات و ئەمیر و تەواوی رێکخەرەکان و ئەندامەکانی دەستگیردەکرێن و چەند حەشارگەیەکیش دەدۆزنەوە کە بۆ کارە تیرۆریستیەکانیان ئامادەیان کردبو
ئەم گروپە پەیوەندییان بە کردەوە تیرۆریستیەکەی قەرەداغەوە ھەیە کە تیرۆریستێک رووبەڕووی ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بووەو کوژرا.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا پیلانێکی دیکە پوچەڵکرایەوە کە چەند تیرۆریستێکی ھەرە تاوانبار مەرامیان بوو لەھەرێمی کوردستانەوە ھەڵبێن ، پەیوەست بە رووداوەکەی ئاشداخ لە سەنگاو کوژرانی دوو تیرۆریست ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی پیلانێکی تر لە چەمچەماڵ شکستپێھێنا کە بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی خۆیان ئامادەکردبوو.
کە ٥٤ تیرۆریست دەستگیرکران و ٣ تیرۆریست -یش کوژران.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ، سەربەدەزگای ئاسایشی ھەرێم لەسەر بنەمای زانیاری ھەواڵگری بەڵگەی دروستی دەستکەوت لەسەر پێنج پیلانی تیرۆریستانی داعش کە یەکەم مەرامیان بوو ، چەند حەشارگەو سەربازگەیەک لە سنوری سلێمانی دروست بکەن و کردەوەی تیرۆریستی لەشارەکانی ھەرێم ئەنجام بدەن ، دووھەم دروستکردنی ئەمارەتی داعش لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی ، سێ ھەم ھەڵھاتنی ژمارەیەک چەکداری داعش لەڕێگای ھەرێمی کوردستانەوە ، چوارھەم رۆشتنی چەند تیرۆریستێک لەناو شارەکانی ھەرێمەوە بۆ حەمرین و پەیوەندکردنیان بە چەکدارانی داعشەوە ، پێنجەم دروستکردنی حەشارگە لەناوچەی سەنگاو ئەنجام دانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی .
پاشان بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، ژورێکی لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی پێکھێنراو ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەوردی بەرنامەڕێژی بۆ ئاشکراکردنی پیلانەکانی تیرۆریستانی داعش داناو بەدواداچوونە ھەواڵگرییەکانی دەستپێکرد و لەئەنجامدا زانیاری پێویست بەدەست ھات دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش ، رێوشوێنی توندوتۆڵی ئەمنی لەچەند ناوچەیەکی سلێمانی گیرایەبەر و چەند گومانلێکراوێک خرایە ژێر چاودێری وردەوە .
سەرئەنجام لە شەوی ٤ / ٥ ی ٩ ی ٢٠٢٢ تیرۆریستی تاوانبار ( بەشدار ) لەکاتی گەڕانەوەی لەناوچە شاخاوییەکانی دووز بۆ سلێمانی لە قەرەداغ لەبازگەی ئاسایش ، لەکاتی سۆراغ کردنی ناسنامەی و ھەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی ھەڵدێت و روبەڕووی ھێزەکان دەبێتەوەو دوای بریندارکردنی ژمارەیەک لە کارمەندانی پۆلیس وئاسایش و ھەڵدانی چوار نارنجۆک و خۆبەدەستەوەنەدانی کوژرا .
ھەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژی ٢١ / ٩ / ٢٠٢٢ تیرۆریست سەعد ئیبراھیم ناسراو بە ( ئەبو سەجاد ) بەھاوکاری ھێزە عیراقییەکان لە سەلاحەددین کە پەیوەندی ھەبوو لەگەڵ تیرۆریستی کوژراو بەشدار دەستگیرکرا .
رۆژانی ٥ و ٢١ ی ١٢ ی ٢٠٢٢ لە دوو ھەڵمەتدا ھەردوو تیرۆریست ( رەوەز ئاوات ) لە شارەزوور و ( رێبەر فەرھاد ) لە ناوباڕازی سلێمانی کە بەھەمان شێوە پەیوەندیان بە تیرۆریستی کوژراو ( بەشدار ) ەوە ھەبووە و دەستیان لەئەنجامدانی چەند کردەوەیەک ھەبووە ، بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور دەستگیرکران .
ھەر پەیوەست بەم کەیسە ٩ تۆمەتباری تر دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە
- تیرۆریست (بەرھەم محەمەد )ناسراو بە ( بەشدار ) دانیشتووی ناوچەیەکی قەزای سەیدسادقە .
بەیعەتی داوە بە تیرۆریستانی داعش و پەیوەندی بەستبوو لەگەڵ ھەر دوو ویلایەتی ( دیالە - کەرکوک ) ، ( شیمالی بەغدا ) دوای چەندین جار سەردانیکردنی ناوچە شاخاوییەکانی نزیک دوز و زینانە و پەڵکانە بەپیلانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە شاخاوییەکانی بەرزنجە ، دوکان ، شارباژێر چەندین ئەشکەوت و نەفەق و تونێل و سەربازگەیەک بۆ مەشق و راھێنانیان دروست دەکات و ئامادەیان دەکات تا لەنزیکترین کاتدا چەکدارەکانی داعش بگوازرێنەوە بۆ ئەو سنورانە و دەست بە ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکانیان بکەن لەناو شارەکاندا ، کە دواجار ھەموو ئەو حەشارگەو چەک و تەقەمەنییانە دەستی بەسەرداگیرا و روونیش بووە تیرۆریستی کوژراو پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمارەتی داعش لەگرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی ھەبووە .
پێشتریش ناوبراو تۆمەتبار بووە بە تەقەکردن لە ھێزە ئەمنییەکانی شارەزوور و بەرزنجە و نانەوەی کێشە لەنێوان عەشیرەتەکانی بێسەری و مۆریاسی و ھەستاوە بە سوتاندنی باخ و ماڵ و کوشتنی ئاژەڵەکانیان و دروستکردنی دوبەرەکی لەو ناوچانەدا .
دانپێدانانی
١- تیرۆریست ( رەوەز ئاوات )
-------------
بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و پیلانەکانی ئەمارەتی گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی ئاشکراکران ، کە سەرپەرشتی و داڕێژەری چەندین پیلانی تیرۆریستی بوون لە ھەرێم و شارەکانی عێراق کەلەرێگای سۆشیال میدیا و مۆبایلی زیرەک و سیمکارتەوە کە بەدەستیان ھێنابوو لەناو گرتووخانەوە ! کاروبارەکانیان رایدەکرد و ١٥ تیرۆریستی سزادراو بەھاوکاری ئیدارەی گرتووخانەی چاکسازی گەوران خرانە ژێر چاودێری و لە سەعاتی سفردا بە بەڵگەوە دەستگیکرانەوە و شکست بەبەرنامەکانیان ھێنرا کە لەخۆڕێکخستنەوەو بەرفراوانکردنی چالاکییەکانیاندا بوون و سەرپەرشتی ناردنی گەنجانیان دەکرد بۆ ناو تیرۆریستانی داعش .
کە تەواوی تیرۆریستەکان لەسەرەتای دورست بوونی قاعیدە و داعش بەیعەتیان داوە و چەکداری فعلی بوون و بەشداربوون لە ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی لە ھەرێم و عێراق و ماوەی سزای یاساییان لە تەواوبووندا بوو کە راستەوخۆ لەلایەن تیرۆریستی ھەرە تاوانبار ( ئەبو مەێعەب ) والی تیرۆریستانی داعش لە عیراق , سەرپەرشتی و ئاڕاستەکراون .
— پێکھاتەی ئەمارەتی تیرۆریستانی داعش لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی
تیرۆریست محەمەد عەبدولعزیز الدھلکی ناسراو ( ئەبو قتیبە ، ئەبو فاتیمە ) ئەمیری ئەمارەت
تیرۆریست وسام سلگان ناسراو بە ( دکتۆر ھانی ) جێگری ئەمیری ئەمارەت
تیرۆریست ئاراس حەکیم لێپرسراوی ھۆڵی ٦ بلۆکی ١
تیرۆریست ھیوا عەزیز لێپرسراوی ھۆڵی ٣ بلۆکی ١
تیرۆریست ئەحمەد خچیر لێپرسراوی ھۆڵی ٧ بلۆکی ١
تیرۆریست دیار مەحمود لێپرسراوی ھۆڵی ٤ بلۆکی ١
تیرۆریست موھەنەد سەباح لێپرسراوی ھۆڵی ٦ بلۆکی ١ راڕەوی ٣ ناسراو بە ( ئەبو ھەیمەن )
تیرۆریست عەمار محەمەد لێپرسراوی ھۆڵی ٤ بلۆکی ٢
ناسراوە بە ( ئەبو ملاک )
تیرۆریست تەھا عەتیە ناسراوە بە ( ئەبو یاسین ) لێپرسراوی ھۆڵی ١١ بلۆکی ١
تیرۆریستان ( رزگار یاوەر ، عەمار غائب ، قادر نامق ، مەنسور محەمەد ، ئازاد مەجید ، مەحمود عەواد ) وەک جێگرانی لێپرسراوی ھۆڵەکان دەستنیشانکراون .
دانپێدانانی تیرۆریستان
٢ - تیرۆریست محەمەد عەبدولعزیز الدھلکی ناسراو ( ئەبو قتیبە ، ئەبو فاتیمە ) والی ئەمارەت
٣ - تیرۆریست وسام سلگان ناسراو بە ( دکتۆر ھانی ) جێگری والی ئەمارەت
-------------
لەلایەکی ترەوە پیلانێکی تری تیرۆریستانی داعش ئاشکراکرا کە مەرامیان بوو ژمارەیەک چەکداری ھەڵھاتوویان کە لە دادگاکانی عێراق داواکراوبوون لەرێگای ھەرێمەوە رەوانەی دەرەوە بکرێن . دوای زانیاری و لێکۆڵینەوەی ورد ئەم پیلانەش پوچەڵکرایەوە و ھەریەک لە چەکدارانی تیرۆریستانی داعش ( مەسار عەبد ، موحسین عەبد ، بەکر عەبد ، زەید عەبد ) کە ھەرچواریان برابوون لەسەر سنووری ھەرێمی کوردستان لەکاتی راکردنیاندا لە رۆژی ٣١ / ١٠ / ٢٠٢٢ دەستگیراکران و ھەر چوار تیرۆریستە ھەرە تاوانبارەکە بەرپرسیارو سەرپەرشتیاری چەندین کردەوە تیرۆریستی بوون .
دانپێدانانی تیرۆریست
٤ - مەسار عەبد حەمەد ئەلفەھداوی
-------------
ھەر پەیوەست بە ھەوڵەکان بۆ سەقامگیری ئاسایش و ریشەکێشکردنی تیرۆر، پشت بەستوو بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە پیلانێکی تری تیرۆریستانی داعش ئاشکراکران کە ژمارەیەک تیرۆریست پیلانیان وابوو ھەڵبێن بۆ ناو داعش دوای دەست نیشانکردنی ئامانجەکان لەچەند ھەڵمەتێکی جیاجیادا لە رۆژانی ١٠ و ٢٧ / ١١ و ٥/ ١٢ / ٢٠٢٢ لەگەرمیان و سلێمانی بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ھەریەک لە تیرۆریستان ( مستەفا کەمال ، ھەستیار محەمەد ئەمین ، ئیسماعیل سەفەر ، کاویان حەمدان ، عومەر عەبدولکەریم ، حسێن یونس ) دەستگیرکران.
دانپێدانان
٥ - تیرۆریست مستەفا کەمال
-------------
ھاوکات پەیوەست بە رووداوی کوشتنی ھەر دوو تیرۆریست ( کاوە سەعید ، محەمەد عەلی ) و دەستگیرکردنی تیرۆریست ( شەیما نەوزاد ) بەبرینداری لە شاخی ئاشداخ لە نزیک گوندی کچان لە سەنگاو لە شەوی ٦ / ٧ ی ١١ ی ٢٠٢٢ کە پیلانیان دانابوو حەشارگەیەک دروست بکەن و چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و ھێرش بکەنە سەر چەند دامەزراوەیەکی گشتی و پەروەردەیی و ئاینی .
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لێکۆڵینەوەکانی چڕترکردەوەو زانیاری نوێ دەستکەوت لەسەر بوونی چەندین تیرۆریستی تر کەپەیوەستن بەم رووداوەو پیلانیان ھەبووە دوای ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکان ھیجرەت بکەن و پەیوەندی بە تیرۆریستە کوژاوەکان بکەن لە ناوچەی سەنگاو ، دواتر بەھاوکاری ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ١٦ ئامانج بە وردی دەست نیشانکران و خرانە ژێرچاودێری و شەوی ٩ /١٠ ی ١١ ی ٢٠٢٢ ، لە چەند ھەڵمەتێکی جیاجیادا لە چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش ھەر ١٦ تیرۆریستەکە ( شاخەوان یوسف ، محەمەد لەتیف ، ھەمزە ئیسماعیل ، عەبدولباست جەبار ، ھێمن باھیر ، نەوزاد عومەر ، بێرون وریا ، ئەنەس دارا ، دارا جەبار ، محەمەد عومەر ، محەمەد سالار ، محەمەد حەسەن ، میر غەفور ، ئەیوب نەجمەدین ، ئەحمەد محەمەد ، زاگرۆس عوسمان ) دەستگیرکران و رووبەڕووی دادگاکرانەوە .
دانپێدانان .... ٦- تیرۆریست شەیما نەوزاد
دانپێدانانی .. .. ٧- تیرۆریست بێرون وریا
-------------
لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم پێنج کەیسە ئەمنیە بەردەوامە و بەچڕی بەدواداچوون دەکرێت بۆ زانیاری و بەڵگە بەدەستھاتووەکان ، لەبەر سەلامەتی ھەستیاری رێڕەوی ئاسایشی دۆسێ کان ، بەشێک لە زانیارییەکان بە شاراوەیی ھێڵڕاونەتەوە .
ئاشکراکردنی ئەم پێنج پیلانە و شکستپێھێنانی بەرنامەکانیان بۆ تێکدانی ئارامی ھەرێم بەرئەنجامی ھیمەت و ماندوبوون و کارکردنی بەردەوامی پێنج ( ٥ ) مانگ شەونخونی ھێزەکانمانە کە ھەموو خەمێکیان بەرقەراکردنی سەقامگیری و ئارامییە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دڵنییان دەکەینەوە وەک ھەمیشە سەروماڵ و ژیان و ئارامیان دەپارێزین