نەرمین مەعروف: کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ دەستکاریکردنی بەھای دۆلار بۆ مەرامی سیاسییە
هادی
٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
نەرمین مەعروف بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەوڵەکان بۆ کۆکردنەوە ئیمزا و بانگھێشتکردنی پارێزگاری بانکی ناوەندی، تەنیا بۆ مەرامی سیاسییە، چونکە ئەو بابەتە ھیچ پەیوەندییەکی بە پەرلەمانەوە نییە و بەپێی دەستوری عێراق بانکی ناوەندی دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە، دیاریکردنی بەھای دینار بەرامبەر بە دراوەکانی تر لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە.
نەرمین مەعروف ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە سەرەتای مانگی ئەیلولی رابردوو بە نوسراوی رەسمی داوای لە وەزارەتی پلاندانان کردوە، خەمڵاندنەکان بۆ ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانەوە بخەنە روو، چونکە بەپێی ماددەی ١٢١ی دەستور، دابەشکردنی داھات بەپێی رێژەی دانیشتوان دەبێت، لە ئێستادا بەپێی خەمڵاندنەکان رێژەی دانیشتوانی ھەرێم ١٤%ی دانیشتوانی عێراق پێکدەھێنێت، بەوەش پشکی ھەرێم لە بودجەی گشتی دیاریدەکرێت.