لە کۆبوونەوەکەدا پرسی کورد و گۆڕانکارییە سیاسییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بە گرنگییەوە باس لە تەبایی و یەکڕیزیی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و پرۆژە نیشتمانییەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا کە خۆی لە یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەیی و کوردستانییەکاندا دەبینێتەوە.

کۆبوونەکەوە جەختی لەدرێژەدان بە گفتوگۆی نیشتمانی و بونیادنەرانە کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کورد لە رۆژئاوا، ھەروەھا بژاردەی سەربازی و شەڕ بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان رەتکرایەوە و داواکرا پشتیوانی لە دۆزی کورد بکرێت و دەرچەی سیاسی بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا بدۆزرێتەوە.

لە بەرامبەردا ھاوسەرۆکانی پەیەدە ستایشی ھەڵوێستی نیشتمانی و مێژوویی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد بۆ یەکخستنی ریزەکانی گەلی کورد و رایانگەیاند، سەردانی سەرۆکی یەکێتی بۆ رۆژئاوا رەھەندێکی مێژوویی و نەتەوەیی لەخۆیدا ھەڵگرتووە، بانگەوازێکی ئاشکرایە لەپێناو یەکڕیزیی گەلی کورد و ھەوڵدان بۆ بەدیھێنانی مافەکانمان. ئەمەش ھەمان سیاسەت و رێبازی سەرۆک مام جەلالمان دەھێنێتەوە یاد و بەھەمووشێوەیەک پشتیوانی لێدەکەین.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سیاسەت و ھەڵوێستی یەکێتی روونکردەوە و رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی ھەموو خەباتێکی مەدەنی و ئاشتیانە دەکات لەپێناو پاراستن و بەدیھێنانی مافەکانی گەلی کورددا. لەسەر ھەمان رێچکەی سەرۆک مام جەلال درێژە بە سیاسەتی کوردستانیانەی خۆمان دەدەین و ئامانجمان یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کوردە. بۆ ئەمەش دەبێت ھەموومان ھاوکار و ھەماھەنگ بین و کار بۆ پرسی کورد بکەین چونکە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژھەڵات نایەتەدی.