پشتیوان بەھادین بەرێوەبەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماری ئەمساڵی کار و چالاکییەکانی ئاسایشی سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەماوەی ئەمساڵدا سێ ھەزار و ١٥٣ کەس بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکراون، کە بەشی تیرۆر لە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی  ٢٢٧ کەسیان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکردووە و٢٠٠ کەسیان خەڵکی شاری سلێمانی بوون و دراونەتە دادگا.

وتیشی،  ٤٠٨  بازرگان و بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون، کە ٨٠ کەسیان بازرگان بوون و ٣٢٨ کەسیشیان بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەر بوون و لە ژمارەیەش ٥١ کەسیان بیانی بوون.

راشیگەیاند، لەماوەی ئەمساڵ پێنج کیلۆگرام ترلیاک ٢٦ کیلۆگرام حەشیش و ٣٧٣ کیلۆگرام شیشە و شەش کیلۆگرام ھیرۆین و ٦٢٥ ھەزار و ٥٠٠ حەبی ترامادۆڵ دەستیان بەسەرداگیراوە. 

ئاشکراشیکرد، ھەزار و ٣٧٨ بیانی بە تۆمەتی سنور بەزاندن و مانەوەیان لە ناوشاری سلێمانی بە بێ ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندارەکان دەستگیرکراون و روبەروی بەرێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی کراونەتەوە بۆ ئەنجامدانی کاری یاسایی بەرامبەریان.

ئاماژەی بەوەشکرد، توانراوە لە ماوەی ئەمساڵدا شەش ھەزار ٩٠٤ دەرزی و ھەزار ٤٨٢ پاکەت دەرمانی پزیشکی و ٢٠ تۆن دەرمانی حەشەرات و ٦٧ سەتڵ دەرمانی لەشجوانی قاچاغ دەستیان بەسەردابگیرێت.

بەرێوەبەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی راشیگەیاند، لەماوەی رابردوودا توانراوە دەستبگیرێت بەسەر ھەزار و ٢٩ ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل، کە رێگەپێدانیان نەبووە یان بێسەرەتا بوون و ھەروەھا دەستبەسەر ٧٥٢ پارچە چەکی جۆراوجۆر و ٢٤ ھەزار و ٩٧٤ فیشەک گیراوە.

پشتیوان بەھادین رایگەیاند، ھەرچەندە لە خوێندنگەکان ھیچ بەکارھێنەر و بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەریان دەستگیرنەکردووە، بەڵام خوێندکار ھەبووە لەسەر بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراوە.