عەلی حەمە ساڵح: داھاتی ھەولێر و دھۆک دوو ھێندەو نیوی سلێمانیە
کوردسات نیوز
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان وێنەیەکی ویبسایتی شەفافیەتی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، داھاتی ئەمڕۆی نانەوتی سلێمانی زیاتر ١٢ ملیار دینارە.
دەشڵێت، بەپێی ئەم داھاتە دەبێت بوژانەوەی باش ڕوبدات و جگە لە نەوت. داھاتی ناوخۆش زۆر زۆرە.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، "بە کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنوریەکان و بەکارھێنانی زەوی وەک سەرچاوەی داھات بۆ حکومەت نەک حیزب و بەرپرس، ئەم داھاتانە زیاتر دەبێ."
رۆژی ١٥ی ئەم مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم پڕۆژەی شەفافیەتی راگەیاند، کە بەرنامەیەکە سەرجەم داھاتە نانەوتییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین لەخۆدەگرێت و رایگەیاند، بە کردار نیشانی دەدەن سلێمانی لەدەستێکی ئەمیندایە.
"قوباد تاڵەبانی" لە وەڵامی ریکلامی "تۆش بیزانە" کە لە شەقامەکانی سلێمانی ھەڵواسرابوو پڕۆژەی شەفافیەتی راگەیاند و وتی، لە ماڵپەری shafafiat.com رۆژانە سەرجەم داھاتە نانەوتییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەخرێنە بەرچاوی خەڵک.
وتیشی، سلێمانی وەک یەکەم پارێزگا لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق ھەنگاوی بە ئاڕاستەی شەفافیەت لە داھات دەنێت و ھاووڵاتی و میدیاکار و پەرلەمانتار و ئابوریناس دەتوانن لەڕێی ماڵپەڕەکەوە ئاگاداری داھاتی پارێزگاکە بن.